کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتی ساڵانەی "کێلەشین" پێشکەش بە میرزا ڕەحیم ئوشنویی مەحموودزادە کرا

11:00 - 9 رێبەندان 2723

لە ڕێوڕەسمێکدا کە بەبەشداریی خەڵکێکی زۆری شار و ئاواییەکانی شنۆ، هەروەها کۆمەڵێک کەسایەتی، نووسەر، شاعیر، هونەرمەند و ڕووناکبیر بەڕێوە چووبوو، ڕێز لە ٧ دەیە کار و چالاکی و خزمەتی "میرزا ڕەحیم ئوشنویی مەحموودزادە " گیرا و یەکەم خەڵاتی ناسراو بە "کێلەشین"ـی پێشکەش کرا.

لەو ڕێورەسمەدا دوای پێشاندانی کورتە فیلمێک لە ژیان و بەرهەمەکانی میرزا ڕەحیم، هەر یەک لە بەڕێزان، دکتۆر کیۆمەرسی حاجی محەممەدی کۆنینەناسی ناسراوی ئێرانی، حاجی شەفیع خزری لێکۆڵەر، مامۆستا ڕەسووڵ وەیسی نووسەر و ئەندامی پێشووی گۆڤاری "سروە"، سدیق پەیغامی هەواڵنێر، مامۆستا عەلی هادیزادە، بە گۆشەنیگای جۆراوجۆرە باسێکیان لەسەر بەرهەم و کارەکانی میرزا ڕەحیم کرد کە لە ناواخنی وتارەکانیشدا بە دەنگی هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەحمەد لاوە کۆڕەکە زیاتر ڕازابووەوە.

دواتر لەلایەن دکتۆر عەلیڕەزا محەممەدنژاد توێژەر و بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی پرشنگی گەلاوێژ باسێک لەسەر چەندوچۆنیی خەڵاتی کێلەشین کرا و دواتر میرزا ڕەحیم مەحموودزادە باسێکی پوختی لەسەر ژیان و بەرهەم و چالاکییەکانی خۆی کرد و میداڵیای ڕێزلێنان و خەڵاتەکە لەلایەن دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە نووسەر و توێژەر پێشکەشی ناوبراو کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا بەیانییەی خەڵاتی ساڵانەی کێلەشین لەلایەن عومەر محەممەدی شاعیر و مامۆستای زمانی کورد خوێندرایەوە.

ڕەحیم مەحموودزادە وەک کەسایەتییەکی جێگای ڕێزی کورد، لە ماوەی حەوت دەیە لە بوارەکانی وێنەگری، لێکۆڵینەوەی مێژوویی و توێژینەوە کار و چالاکی کردووە و لە ناسراوترین بەرهەمەکانیشی دەتوانین ئاماژە بە "معانی بعضی از اسامی مادی کوردی"، ژیان و بەسەرهاتی "ژنرال احسان نوری پاشا" بکەین.

ئەو ڕێوڕەسمە لەلایەن ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبی "پڕشنگی گەلاوێژ" لە موجتەمەعی فەرهەنگی هونەری شاری شنۆ بەڕێوە چووبوو.