کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم زیاتر لە ١٥٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا

11:39 - 9 رێبەندان 2723

دوابەدوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی لە سنووری سووریە و ئۆردۆن، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم گرووپانە لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر و پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە ١٥٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ٢٥٠٠ هێزی ئەمریکایی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازی ئەم وڵاتە لە سووریە بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش خزمەت دەکەن کە ئەم کەسانە دەبنە ئامانجی هێرشی گرووپە خراپکارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکەمین هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، پاش هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕووی داوە.

هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندان، کاردانەوەی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمریکای لێ کەوتەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆماریخوازەکان، دەوڵەتی بایدێنیان بە دەستەوەستانی لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی تاوانبار کرد و خوازیاری هێرشی خێرا و راستەوخۆ بۆ سەر تاران و پێگەکانی کۆماری ئیسلامی بوون.

جۆ بایدێن، سەرکۆماری ئەمریکا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە وڵامی ئەم دەستدرێژییە دەدەنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕێبەندان لە هێرشێکی پەهبادیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم بۆ سەر پایەگاکانی ئەمریکا لە سنووری ئۆردۆن و سووریە، سێ سەربازی ئەمریکایی کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.