کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان ترسیان لێ نیشتووە

11:57 - 9 رێبەندان 2723

مەنووچێهر مۆتەکی، وتەبێژی شۆرای وەحدەتی ڕیژیم، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی سیاسەتی ڕۆژ، بە ڕوونی ترسی ڕێژیم لە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی دەربڕیوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بە ئاماژەکردن بە گرانبوونی نرخەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە کۆمەڵگەی ئێراندا، وتوویەتی: بەرپرسان بەتایبەت لەم ماوەیەدا کە لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە دەبێ زیاتر وریا بن. هەر بابەتێکی پێوەندیدار بە گرانی هەتا کاتی هەڵبژاردنەکان، بە قازانجی دوژمنە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، هەرچەند لە سەرەتای قسەکانیدا پەرژاوەتە سەر پرسی گرانی بەڵام لە چەواشەکارییەکی تەواودا باسی لەوە کردووە کە دوژمنانی ڕێژیم دەتوانن لە پرسی گرانی کەڵک وەربگرن و ئەمە بە قازانجی ڕێژیم و پرۆسەی هەڵبژاردنەکان نییە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەموو جار لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، لە ڕێگەی جۆاوجۆرەوە هەوڵ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدەن.

پرسی گرانی یەکێک کە گرینگترین پرسەکانی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانە و خەڵک بە باشی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە هۆکاری ئەم گرانییە و سەختبوونەوەی ژیانیان، خودی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە هەڵەکانیەتی.

چەواشەکاری و پێوەنددانەوەی پرسی گرانی بە دژبەرانی ڕێژیم، نیشاندەری ترسی ئەم ڕێژیمە لە بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانە.

ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو و سەرکوتکارییە دڕندانەکەی ڕێژیم، خۆی گرینگترین هۆکاری نەمانی ڕەوایی ڕێژیم لای خەڵکە و فاکتەرەکانی دیکەی وەک گرانی و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ ژیان، هۆکارەکانی دیکەن کە دەتوانن وەکوو فاکتەری سەرەکی بۆ بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان چاویان لێ بکرێت.