کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی گەشەی حەشیمەت، کێشەی بەرپرسانی ڕێژیم

13:00 - 9 رێبەندان 2723

کۆمەڵێک فاکتەری گرینگ لەوانە، نەبوونی هیوا بە داهاتوو، گرانی و هەڵاوسان و ئاڵۆزییەکان لە نێوخۆی ئێران بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لە گەورەکردنەوەی بنەماڵەکانیان خۆ ببوێرن.

لەلایەکی تریشەوە خودی گرانی و نەبوونی داهاتی پێویست وای کردووە کە ڕێژەی هاوسەرگیری، دابەزینێکی یەکجار زۆر بە خۆیەوە ببینێ.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاستییە، بەرپرسانی ڕێژیم ساڵانێکە کە باس لە ڕێگەچارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت دەکەن و لەم پێناوەشدا سیاسەتی نوێیان لەبەر گرتووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی ، سەرۆککۆماری ڕێژیم لەم پێوەندییەدا، باسی لەوە کردووە کە فەرهەنگسازیی هەڵە، لە گرینگترین هۆکارەکانی دابەزینی گەشەی حەشیمەت بووە.

ڕەئیسی لەمبارەوە وتوویەتی: دەبێ میدیای ئێران، میدیا دیجیتاڵەکان و دەزگا تەبلیغاتییەکان بە هەموو توانای خۆیانەوە کار بۆ ئەم پرسە بکەن و جێبەجێکرانی یاسای پشتیوانی لە جەوانی حەشیمەتی بە پێویست زانیوە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەڵە کردووە وتوویەتی دەبێ ئەم فەرهەنگسازییە هەڵەیە قەرەبوو بکرێتەوە و وەزارەتی پەروەردە و ناوەندەکانی پەروەردەی باڵا لەم چوارچێوەیەدا کار بکەن.

قسەکانی ڕەئیسی لەکاتێکدایە کە دۆخی ژیان لە ئێران بەگشتی ئەستەمە، لاوان ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان بچنە نێو ژیانی هاوبەشەوە و ڕێژەیەکی زۆر لە ژیانەکانیش بە هۆی کیشەی ئابوورییەوە بە جیابوونەوە کۆتاییان پێ دێت.