ڕۆژی یەکشەممە ٨ ڕێبەندان، وەزارەتی بەرگریی بریتانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی ڕابردوو هێزی دەریایی بریتانیا لە دەریای سوور پەهبادێکی هێرشبەری خستووەتە خوارەوە کە کەشتییەکی سەربازیی ئەو وڵاتەی لە دەریای سووری کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی بریتانیا لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ڕۆژی شەممە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە جارێکی دیکە ناچار بوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری حوسییەکان بخاتە خوارەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی کەشتییە بازەرگانی و سەربازییەکان لە دەریایی سوور دەکاتە ئامانج.
هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی بەو کەشتییە نەگەیشتووە.
لەو پێیوەندییەدا، گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی مووشەکی و پەهبادیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی دەریایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە بریتانیا بەمەبەستی پاراستنی هاتووچۆی ئازادی بازرگانی جیهانی لە کەنداوەکاندا پێبەندە بە بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشانە.
حوسییەکان کە بەشێکی زۆری یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا لە ٧ ئۆکتۆبەرەوە زنجیرەیەک هێرشی نایاساییان بە پەهباد و مووشەک ئەنجام داوە.