کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور

13:14 - 9 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٩ ڕێبەندان، دوابەدوای هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دەریای سوور و لە دۆخێکدا کە هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پاڵاوگەکان کەمی کردووە، نرخی نەوت بە ڕێژەی ١ لەسەد بەرز بووەوە.

بەم پێیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ ٨٤ دۆلار و ٨٠ سێنت بەرز بووەوە. هەروەها نرخی نەوتی خاوی وێست تەکساس ئینتێرمیدێت ٧٨سەنت بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٨ دۆلار و ٧٩ سێنت.

لەو پێیوەندییەدا کۆمپانیای ترافیگورا، ڕۆژێک دوای هێرشە مووشەکییەکە، ڕایگەیاند خەریکی هەڵسەنگاندنی مەترسییە ئەمنییەکان لە دەریای سووردان.

هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی مارلین لوئاندا کە لەژێر ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵدان، بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییە نەوت هەڵگرەکە، کە دواجار بە هاوکاریی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و فەرانسە و هیندووستان کۆنتڕۆڵ کرا.

لەلایەکی دیکەوە، ئەگەری زۆرە ڕووسیە هەناردەی "نەفتا" کە مادەیەکی خاوی پترۆشیمییە لە ١٣٦هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکەوە بۆ ١٢٧هەزار و ٥٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە، ئەوەش دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پاڵاوگەکانی لە دەریای ڕەش و دەریای باڵتیک، نرخی نەوتی بەرز کردووەتەوە و بووە هۆی گەشەسەندنی نرخی نەوت.