کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دوو مووشەکی بالستیکی دیکەی حوسییەکانی یەمەنی خستە خوارەوە

11:37 - 11 بەفرانبار 2723

سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ بەفرانبار، کەشتییەکی ناوشکێنی ئەم وڵاتە لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوو مووشەکی بالستیکی حوسییەکانی خستۆتە خوارەوە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، حوسییەکان پێشتر بە مووشەک کەشتییەکی بازرگانیی دانمارکییان کردبووە ئامانج و دوابەدوای ئەم هێرشە وڵاتی دانمارک داوای هاوکاریی لە ناوشکێنی ئەمریکایی لە ناوچەکەدا کردبوو.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە مووشەکەکان لە خاکی یەمەن و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانەوە هەڵدراون.

سێنتکام ئاماژەی بەوەش کرد، لە ١٩ نۆڤامبرەوە ئەوە ٢٣ـەمین هێرشی نایاسایی حەسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانە.

هێرشەکانی حوسییەکان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کاریگەریی لەسەر گەورەترین کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و نەوتی جیهانی بووە و  ئەمەش دەتوانێت ئابووری جیهان تووشی شۆک بکات.