کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵمەرگی قاسم سلێمانیدا دوو تەقینەوەی گەورە ڕوویان دا

10:38 - 14 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانبار و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چوارەمین ڕێوڕيسمی ساڵمەرگی قاسم سلێمانیی تێرۆریست لە کرمان، دوو تەقینەوەی گەورە بە مەوداکانی ٧٠٠ و ١٠٠٠ میتر دوورتر لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە ڕوویان دا.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە سەرەتادا باسی لەوە کرد کە دوو جانتای بۆمبڕێژکراو کە لە ڕێگەی دوورەوە کۆنتڕۆڵ کراون لە دەوروبەری شوێنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکە دانراون و بە تەقینەوەیان ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک کوژراون و بریندار کراون.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان تاکوو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس لەم تەقینەوەیەدا کوژراون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قەدسی سپای پاسداران، لە پەیامێکدا ئیسرائیل و ئەمریکای بە بکەری ئەم کردەوەیە ناو برد و بە هەڕەشەکردن وتی: ڕۆژێک دێت کە ئەمریکا زیاتر لە ئەمڕۆ، تاوانی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەداتەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە تاکوو ئێستا هیچ لایەنێک، بەرپرسایەتیی ئەم تەقینەوەیەی لە ئەستۆ نەگرتووە.