کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم دیسان باس لە تۆڵەی سەخت دەکەنەوە

11:02 - 14 بەفرانبار 2723

دوابەدوای دوو تەقینەوەی گەورە لە دەوروبەری گۆڕی قاسم سلێمانی و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی چوارەمین ڕێوڕەسمی ساڵمەرگی ئەم پاسدارە تێرۆریستەی ڕێژیم، بەرپرسانی ڕێژیم وەک هەمیشە کاردانەوەیان نیشان دا و ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە بکەری ئەم کردەوەیە ناو برد.

خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، ڕایگەیاند کە بکەرانی ئەم کردەوەیە هەر لە ئێستاوە دەکرێنە ئامانجی سەرکوت و سزای دادپەروانە و ئەوە بزانن کە ئەم کارەیان وڵامێكی سەختی بەدواوە دەبێ.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ڕێژیم ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانبار ڕایگەیاند: بکەرانی ئەم کردەوەیە دەکەونە داوی هێزی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ئێمە. بکەران و پشتیوانانی ئەم کردەوەیە دەبێ لە تووڕەیی خەڵکی ئێران بترسێن.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسدارانیش، لە پەیامێکدا ئیسرائیل و ئەمریکای بە بکەری ئەم کردەوەیە ناو برد و بە هەڕەشەکردن وتی: ڕۆژێک دێت کە ئەمریکا زیاتر لە ئەمڕۆ، تاوانی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەداتەوە.

محەممەد موخبر، جێگری سەرۆکۆماری ڕێژیمیش دوای ڕۆیشتن بۆ کرمان، وتی: ئەم جینایەتە بە ئیزنی ئەڵڵا، وڵام وەردەرگرێ.

لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم و تاوانبارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لەحاڵێکدایە کە تاکوو ئێستا هیچ لایەنێک، بەرپرسایەتیی ئەم تەقینەوانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لایەن ڕێژیمەوە بڵاو کراونەتەوە ، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەم ڕووداوەدا کوژراون و سەدان کەسیش بریندارن کە دۆخی ژمارەیەکی بەرچاویان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

ڕێژیمی ئێران، هەر بەم بۆنەوە، ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری وەکوو ڕۆژی ماتەمینی گشتی لە ئێراندا ڕاگەیاند.