کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکان و هاوپەیمانیی گشتگیر: لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، پەرەدان بە توندوتیژی دژی مرۆڤایەتییە

10:31 - 10 رێبەندان 2723

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد داوای ڕاگرتنی خێرای سزای لەسێدارەدان لە ئێرانیان کرد.

لەم ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی زاڵکردنی کەشی ترس لە کۆمەڵگە، دەستی بە کوشتنی خەڵک کردووە و بە کەڵکوەرگرتن لە فۆکۆسی بیری گشتی لەسەر شەڕی غەززە، بەخێرایی خەریکی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی فەرهاد سەلیمی و محەممەد قوبادلوو لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەنداندا کراوە کە کە تەنانەت ئیزنی دوایین چاوپێکەوتنیشیان پێ نەدرا.

لە درێژەدا باسیان لە لەسێدارەدرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی، محممەد فەرامەرزی و موحسن مەزڵووم کردووە کە ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان لەلایەن ماشینی تێرۆری ڕێژیمەوە لە سێدارە دران.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە کۆتاییدا ڕایانگەیاندووە:ئێمە ئەم جینایەتانە مەحکووم دەکەین و داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مافی مرۆیی دەکەین بۆ وەستاندنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، بە زووترین کات کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر گوشارەوە.