کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییه‌كانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە

11:00 - 10 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبه‌ندان ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و یێنس ستۆڵتـنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە واشنگتۆن، جەختیان لەسەر لێپرسینەوە و وڵامدەرکردنی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەی‌ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پاڵپشتیکردنی لە گرووپە نیابه‌تییه‌كان کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە "مەترسیدارترین بارودۆخ" لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ ئەملاوە و تەنانەت پێش ئەوەش وەسف کرد و ڕایگەیاند، كاردانه‌وه‌ی ئەمریکا له‌باره‌ی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر سەربازەکانمان لە ئوردن پێدەچێت له‌ چه‌ند ئاست و چه‌ند قۆناغدا بێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ، ڕێژیمی ئێرانی به‌ هۆکاری ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیركردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی و وتی لە هەمان کاتدا کە ڕێژیمی ئێران ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسەقامگیر دەکات و پشتیوانی لە هێزە نیابه‌تییه‌كانی دەکات، بە هەمان شێوەش خەڵکی ئێرانی خستووه‌ته‌ ژێر ستەم و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی توندەوە، پێویستە ئێمە و ئەمریکا پێکەوە بۆ بەرگریکردن لە دێموکراسی لە پاڵ یەکدا بوەستین.