کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی کارگرووپێکی تایبەت بۆ وڵامدانەوەی هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیم

11:21 - 10 رێبەندان 2723

نوێنەرانی ناوچەی پێنسیلوانیای ئەمریکا لە کاردانەوە بە هێرشە سایبیرییەکانی ڕێژیمی ئێران بە دژی ژێرخانەکانی ئەو ناوچەیە، پرۆژە یاسایەکیان بۆ پێکهێنانی کارگرووپێکی ئەمنییەتیی تایبەت، ڕادەستی مەجلیسی ئەو ناوچەیە کرد.

بە وتەی بەرپرسێکی ئەو ناوچەیە، ئامانج لە پێکهێنانی ئەو کارگرووپە، چارەسەری پێداویستییە سایبێرییەکانی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ئەو ناوچەیە.

ئەم پڕۆژە یاسا پێشنیارییە لە کاردانەوە بە هێرشی هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سەرماوەزی ئەمساڵ بە دژی سیستەمی ئاوی چەند شار لە ناوچەی پێنسیلوانیا بوو، کە بووە هۆی لەکارکەوتنی پۆمپاژی ئاو بۆ دوو شاری ئەو ناوچەیە.

ئەم هێرشانە لەلایەن گرووپی هاکێریی "سایبێر ئونجێرز" کە سەر بە سپای پاسدارانە ئەنجام درابوون.

سایبێر ئونجێرز پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، چەند هێرشی بە هەمان شێوە بۆ سەر چەند وڵات ئەنجام داوە کە لە ئامێرە دروستکراوەکانی ئیسرائیل بۆ سیستەمی ئاوی وڵاتەکەیان کەڵک وەردەگرن.

کەرەستەیەکی کۆنتڕۆڵکردن کە دروستکراوی کۆمپانیای "یوونیترۆکس"ی ئیسرائیلە، ئامانجی ئەو هێرشانە بووە.

گرووپی سایبێر ئونجێرز هۆشداری دابوو کە هەموو ئامێر و کەرەستەیەکی دروستکراوی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج.

پێشتر هەواڵدەریی "ئاسۆشەیتێدپرێس" ڕایگەیاندبوو کە ئەو هێرشانە تایبەت بە پێنسیلوانیا نەبوونە و لە چەند ناوچەی دیکەی ئەمریکاش، ئەنجام دراون.