ڕۆژنامەی لۆمۆند لە ژمارەی نوێی خۆیدا، دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی لە ئەنجامی هێرشی درۆنی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، وتارێکی لەبارەی مەترسیی پەرەسەندنی گرژی و ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاو کردووەتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی، جۆ بایدێن سەرۆکۆماری ئەمریکا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر قورسدایە. دەیەوێت بەبێ ئەوەیکە ململانێی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێتە پێش، توانای ئەمریکا بۆ ڕاوەستاندنی گرژییەکان ببووژێنێتەوە.
بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە ڕکابەرە کۆماریخوازەکانی بایدێن داوای هێرشی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر ئێران کردووە و جۆ بایدێن لە وڵامی داواکاریی ئەواندا، لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردووەتەوە کە تۆڵەی ئەو هێرشە دەکاتەوە.
هەروەها ڕۆژنامەی لۆمۆند باسی لەوە کردووە کە دە مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ڕکابەرە کۆمارییخوازەکان لەوانە دۆناڵد ترامپ گوشار دەخەنە سەر جۆ بایدێن و بە ''لاواز'' تۆمەتباری دەکەن.
ڕاجەر ویکێر، سێناتۆری کۆماریخواز و ئەندامی کۆمیسیۆنی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ئەنجومەنی سێنای ئەم وڵاتە، ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا وڵامەکانی کابینەی بایدێن تەنیا بووەتە هۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران، ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە کە وڵامی توند بە ئێران بدرێتەوە.
هەروەها لیندسی گراهام، سیناتۆرێکی دیکەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕوو بە کابینەی بایدن وتوویەتی: ئێستا ئێران بکەنە ئامانج و بەتوندی هێرش بکەنە سەری.