کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ بەندکراوی سیاسی لە ڕۆژانی سێشەممەدا مان لە خواردن دەگرن

11:50 - 10 رێبەندان 2723

١٠ بەندکراوی سیاسی لە زیندانی قزلحسار لە پارێزگای ئەلبۆرز ڕایانگەیاندووە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان، لەمە بەدواوە هەموو سێشەممەیەک لەژێر ناوی "سێشەممە ڕەشەکان" بە شێوەی گرووپی مان لە خواردن دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ١٠ بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی "زەرتەشت ئەحمەدی ڕاغب، جەعفەر ئیبراهیمی، ئەحمەدڕەزا حائێری، لوقمان ئەمین پوور، مەیسەم دێهبانزادە، سەعید ماسووری، ڕەزا محەممەد حوسێنی، ڕەزا سەلمانزادە، حەمزە سەواری و سپێهر ئیمام جومعە" ئەو زیندانییانەن کە ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژانی سێشەممەدا بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر ڕەوتی لەسێدارەدانەکان مان لە خواردن دەگرن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم شەش بەندکراو لە بەندیخانەی قزلحسار بە ناوەکانی محەممەد قوبادلوو، فەرهاد سەلیمی، موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار لە سێدارە دراون.

جێگەی ئاماژەیە کە لە بەرەبەری لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە ڕۆژی دووشەممە ٩ی رێبەندان لە سێدارە دران، بەرپرسانی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردە سەر بەندی بەندکراوانی سیاسی و سەرەڕای لێدانیان، کەلوپەلی ئەو بەندکراوانەشیان شکاند و هەندێکیشیان لەگەڵ خۆیان برد.