کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێدەچیت وڵامی ئەمجارەی ئەمریکا بۆ ئێران بەهیزتر بێت

12:02 - 10 رێبەندان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبه‌ندان، به‌ درۆن هێرش كرایه‌ سه‌ر بنکەیەکی نیزامیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆردۆن له‌ نزیک سنووری سووریه‌ و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە ٤٠ سەربازی دیکەش برینداربوون.

له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌واڵدەریی سی ئێن ئێن له‌ زاری بەرپرسانی ئه‌مریكاییەوە کە ناویان ئاشكرا نه‌کراوه‌، بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ کە پێدەچێت وڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ هێرشی درۆنیی سەر بنکە نیزامییەکەی ئەمریکا لە ئوردن لە هێرشەکانی پێشووی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لە عێراق و سووریه‌ بەهێزتر بێت.

بەرپرسانی پێنتاگۆن و کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە به‌پێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كه‌تایبی حیزبوڵڵا لە عێراق یان گرووپێکی دیکەی چەکداری سەر بە ئێران لە هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا ده‌ستیان هه‌بووبێ.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە نیوەی دووەمی مانگی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵەوە کە شەڕی غەززە دەستی پێ کردووە، ١٦٥ جار لەلایەن گرووپەکانی سه‌ر به‌ ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

سی ئێن ئێن  لە زاری بەرپرسانەوە رایگەیاندووە کە بەدوورە کە ئەمریکا نێوخۆی ئێران بکاتە ئامانج.