کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

12:37 - 10 رێبەندان 2723

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی حەسەن ساڵحپوور، کوڕی محەممەد کەریم، خەڵکی گوندی دێشەمس سەر بە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.

 کاک حەسەن ساڵحپوور، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە. دواتر لە ساڵی ١٣٦١دا لە نێوان گوندەکانی دەربەند و پێبەجگ دەسبەسەر کرا و ماوەی چوار مانگ لە بەندیخانەدا بوو.

کاک حەسەن، پاییزی ١٣٦٥ لەسەر ئیزنی حیزب دەگەڕێتەوە نێوخۆی وڵات و هەر ئەو کات لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ورمێ دەکرێت.

کاک حەسەن سەرەتا سزای لەسێدارەدرانی بەسەردا دەسەپێندرێت، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی دەگۆڕدرێت و پاش تێپەڕاندنی سێ ساڵ و شەش مانگ لە سزاکەی، لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت.

کاک حەسەن ساڵحپوور کەسێکی نیشتمانپەروەر و خەڵک خۆشەویست بوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.