کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە چەند شاری کوردستان بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی

12:42 - 10 رێبەندان 2723

ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، لە چەند شاری کوردستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین و مەحکوومکردنی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، دووکان و بازاڕەکان داخران.

ئەو شارانەی کە دووکان و بازاڕیان تێدا داخرا، بریتین لە: مەهاباد، بۆکان، سەقز، سنە، بانە، دێولان، دیواندەرە، ڕوانسەر، کرماشان و مەریوان.

داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، یەکێک لە ڕێگاکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم و سەرکوتکارییەکانی ئەم ڕێژیمە لە کوردستان بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی و موحسن مەزڵووم، پاش ١٩ مانگ بێسەروشوێنبوون و پاش یەکەمین و ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی قزلحساری کەرەج لە سیدارە دران.