کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا، ڕۆڵگێڕانی خۆی و ئیسرائیلی لە تەقینەوەکانی کرمان ڕەت کردەوە

11:32 - 14 بەفرانبار 2723

دوابەدوای تەقینەوەکانی ڕۆژی ڕابردووی کرمان، لە چوارەمین ڕێوڕەسمی ساڵمەرگی قاسم سلێمانیدا کە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی بەدواوە بوو، کاربەدەستانی ڕێژیم لە لێدوانی جیاوازدا، ئەمریکا و ئیسرائیلیان بە بکەری ئەم تەقینەوانە ناو برد.

ئەمریکا، ڕۆڵگێرانی خۆی لەم کردەوەیەدا ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: هیچ هۆکارێکش بۆ ڕۆڵگێرانی ئیسرائیل لەم تەقینەوانەدا نابینێت.

نۆرمەن رۆل، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی نەتەوەیی ئەمریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن وتی: تەقینەوەکانی کرمان نیشانەی شکستێکی گەورەی ئەمنییەتیی بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامین.

واڵ ستریت ژۆرناڵ لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئیسرائیل هاوپەیمانەکانی خۆی ئاگادار کردوونەتەوە کە لەم تەقینەوانەدا دەستی نەبووە. سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە کە شێوازی دانانی بۆمبەکان لە تەقینەوەکەی کرمان، لەگەڵ ڕێوشوێنی هێرشەکانی ئیسرائیل، یەک ناگرنەوە، چونکە ئیسرائیل لە هێرشەکانی خۆیدا بە ڕوونی فۆکۆس دەخاتە سەر کەسەکان و دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی.

بەرپرسانی ڕێژیم بە تاوانبارکردنی ئیسرائیل  و ئەمریکا لە یەکەمین ساتەکانی دوای ڕووداوەکە، لە لێدوانی جیاجیادا باسیان لە تۆڵەی سەخت کردەوە.