کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم کرد

17:20 - 10 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە ٩ ڕێبەندان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕایگەیاند ئێمە ئاگاداری ئەو هەواڵانەین کە چوار هاووڵاتیی کورد لە ئێران دوای دادگاییکردنێک لە سێدارە دراون کە چالاکانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ ئەوە بە ساختە دەزانن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لەسێدارەدانی ئەو چوار کەسە و هەروەها ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێیان مەحکووم دەکات.

هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتە بەربڵاوەکانی ئەشکەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ و سنووردارکردنی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر ڕایگەیاند کە ئەم سزایانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەسەر ئەو چوار کەسەدا سەپاون، جێی متمانە نین.

ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەرفراوانە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسێدارەدانی موحسن مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار، چوار بەندکراوی سیاسیی کوردیان لە بەندیخانەی قزلحسار لە شاری کەرەج ڕاگەیاند.