کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە نوێیەکان بۆ ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس

17:24 - 10 رێبەندان 2723

سەرۆکوەزیرانی قەتەر ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە هیوادارە تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لە وڵامی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەو وڵاتە لە ئۆردۆن،  پرۆسەی ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان خاو نەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی "ڕۆیتێرز" سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە واشینگتۆن ڕایگەیاندووە تۆڵەی ئەمریکا لە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت ڕەوتی وتووێژەکان بخاتە مەترسییەوە.

عەبدولڕەحمان ئالەسانی جەختی کردووەتە کە تۆڵەی ئەمریکا بەدڵنیاییەوە لەسەر ڕێککەوتنەکە و بەگشتی ئەمنییەتی ناوچەکە کاریگەر دەبێت و هیوادارین کە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

لوید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەیان لە وڵامی هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانیان لە ئۆردۆن کە بووە هۆی کوشتنی سێ سەرباز، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانیان دەگرێتە بەر.

بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوی سیا و مووساد ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر و بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگریی میسر لە پاریس دانیشتنێکیان بە مەبەستی ڕێککەوتن بۆ شەڕی حەماس و ئیسرائیل هەبووە.

کاناڵی ئەلجەزیرە، لە زاری سەرۆکوەزیرانی قەتەرەوە ڕایگەیاند کە بەرەوپێشچوونێکی باش لە ڕەوتی دانیشتنەکانی بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکا و میسر هاتووەتە ئاراوە تاکوو لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان بڕیار بدرێت.

ئالەسانی زیادشی کردووە کە لایەنەکان لەسەر ئاگربەستێکی چەند قۆناغە کە ببێتە هۆی ئازادکردنی ژنان و منداڵانی بە بارمتەگیراو لەلایەن حەماسەوە، وتووێژیان کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وتووێژەکانی پاریس بە نێونجیگەریی قەتەر، هیوایەکی باشی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دروست کردووە.

 

ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەرتەشی ئەمریکا لە  ئۆردۆن لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی ٤٠ کەسی دیکە لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

ئەمە یەکەم هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم لە پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بوو کە قوربانی لێکەوتەوە.