کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

17:27 - 10 رێبەندان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٢٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا ڕۆژی دووشەممە ٩ ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە نەخۆشانی فیبرۆز سیستیک (CF) لە بەردەم بینای وەزارەتی تەندروستی، ژمارەیەک لە کرێکارانی کارگەی پۆڵای ئێران لە ئەهواز و ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابەرات لە بەردەم بیناکانی ئەو کۆمپانیایە لە تاران، کرماشان، ڕەشت، ئەردەبێڵ، سنە، تەورێز، ئەهواز، ورمێ، زاهێدان، برووجێرد، خوڕماوا، زەنجان، شیراز، بەندەرعەباس، کرمان، مەریوان، بیجاڕ و ئەراک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای مافەکانیان کرد.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو کرێکارانی هێڵەکانی ژێرخانی تەکنیکی ناوچەی یەکی باکوور لە بەردەم بینای هێڵی ئاسن لە عەباس ئابادی تاران، کۆمەڵێک لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی فەلاتی ئێران و کۆمەڵێک کارمەندی کۆمپانیای نەوت و گازی ئاغاجاری لە شوێنی کارەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە خانەنشینکراوان لە چەندین شاری ئێران کۆ بوونەوە و بە وتنەوەی دروشمی "خانەنشینان، دژی ستەم و جیاکاری بوەستنەوە" و "خانەنشینان، هاوار بۆ مافەکانتان بکەن" داوای جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانیان کرد.

کرێکاران لە چەندین شار لە دژی ڕیژیمی ئێران کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی نالەباری بژێوی ژیانیان دەربڕی.