کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئەمریکا: وەڵامی ئەمریکا لە چەند ڕۆژدا و بە هێرشکردنە سەر ئامانجی جۆراجۆر دەبێت

10:47 - 11 رێبەندان 2723

بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وەڵامدانەوەی ئەمریکا لەهەمبەر ئەو هێرشەی کە کرایە سەر بنکەیەکی ئەو وڵاتە لە ئۆردۆن و سێ سەربازی ئەمریکایی کوژران، لە چەند ڕۆژدا و بە هێرش بۆ سەر ئامانجی جۆراجۆر ئەنجام دەدرێت.

بەرپرسێکی ئەمریکی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان بە کاناڵی ''ئەی بی سی نیووز''ی ڕاگەیاندووە، ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوە، بەرنامەی هێرشەکەی زۆر بە وردی داڕشتووە کە کەسان و دامەزراوە گەلێک دەکرێنە ئامانج کە بواری هێرش دژی هێزەکانی ئەمریکایان دابین کردووە.

کاناڵی ''ئەی بی سی نیووز'' ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا دیارییان نەکردووە کە ئامانجەکان لە نێوخۆی ئێران دەبن یان لە دەرەوەی ئێران.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بڕیاری داوە وەڵامی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردۆن بدەنەوە کە کوژرانی سێ کەسی لێ کەوتەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئەمریکا نەخستە ڕوو.

بایدێن ڕایگەیاند: "ئەمریکا پێویستی بە شەڕێکی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا نییە و ئەمە ئەوە نییە کە من بەدوایدا دەگەڕێم''.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا تاران لەم هێرشەدا بەرپرسە، جۆ بایدێن ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دابینکردنی چەک بۆ ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بە بەرپرسیار دەزانێت.