کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ڕێژیم لە کاردانەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانیان لە ئۆردۆن

10:58 - 11 رێبەندان 2723

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردییەن، ڕێژیمی ئێران پاش هێرشی درۆنیی میلیشیاکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن، هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ نێو خاکی ئێران، وڵامی ڕاستەوخۆ بە ئەمریکا دەداتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی و هێزە نیزامییەکانی بە تەواوی ئامادەن، بەڵام وێدەچێت کە وەڵامەکەی ئەمریکا، هێرش بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە بێت.

ڕۆژی سێشەممە پاش هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ڕێژیمی ئێران و بەرپرسیارانی ئەو هێرشە، گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆربەی هێرشە درۆنییەکانی کردبووە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە و ئۆردۆن، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە چالاکییە نیزامییەکانیان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕادەگرن.

ئەم گرووپە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و بەرپرسیارەتی هێرشە درۆنییەکەی سەر ئۆردۆنی گرتبووە ئەستۆ، ڕایگەیاندووە کە ئەم بڕیارەی بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیریی حکوومەتی عێراق دەر کردووە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی عێراقی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئەم بڕیارەی کەتائیبی حیزبوڵڵا پاش وتووێژی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەو گرووپە دەر کراوە.

ئەو بەرپرسە نەناسراوە سەبارەت بە هێرشەکەی سەر ئۆردۆن کە قوربانی لێکەوتەوە وتوویەتی: ڕوونە کە ئیتر هێڵی سووریان بەزاندووە.

لە لایەکی دیکەوە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند بڕیاری خۆی لەسەر چۆنییەتیی وڵامدانەوە بە هێرشەکەی سەر بنکەکەیان لە ئۆردۆنی داوە.

بایدێن وردەکاریی بڕیارەکەی کە لە دوای وتووێژ لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵای کۆشکی سپی دراوە، نەدا بەڵام وتی: پێم وانییە کە ئەمریکا خوازیاری شەڕێکی بەربڵاوتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت و ئێمە خوازیاری شەڕ لەگەڵ ئێراندا نین".

بایدێن ڕۆژی یەکشەممە بەڵێنی دا کە وەڵامی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بداتەوە.