کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەتائیبی حیزبوڵڵا هێرشەکانی خۆی دژی هێزەکانی ئەمریکا ڕاگرت

11:09 - 11 رێبەندان 2723

بەرپرسی گشتیی میلیشیاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم گرووپە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێت، هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا هەڵدەپەسێرێت.

ئەبووحۆسێن ئەلحەمیداوی لەم بەیاننامەیەدا، کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان بڵاوی کردەوە وتوویەتی: "ئێمە بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق شەرمەزار نەکەین هێرشە سەربازی و ئەمنییەکانمان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا ڕادەگەیەنین و بۆ بەرگری لە خەڵک بە شێوازی دیکە بەردەوام دەبین."

ئەلحەمیداوی لەو بەیاننامەیەدا سەبارەت بە گوشاری ڕێژیمی ئێران بۆ خۆبواردن لە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا نووسیویەتی، ئەم گرووپە بڕیارەکانی بە ویستی خۆیەتی و کۆماری ئیسلامی ئاگاداری چۆنییەتی کارەکانی ئێمە نییە و بەنیسبەت پەرەپێدانی گوشار و گرژییەکان دژی هێزەکانی ئەمریکا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بە وتەی هێندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە سپای پاسداران، ڕاگرتنی کاتیی عەمەلیاتە سەربازییەکان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سپای قودس و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبه‌ندان، لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە به‌ درۆن هێرش كرایه‌ سه‌ر بنکەیەکی نیزامیی ئەمریکا لە ئۆردۆن و بەو هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و ٣٤ سەربازیش برینداربوون. دوابەدوای ئەوە واشنگتۆن ڕایگەیاند کە کاردانەوەی توندی سەبارەت بەو هێرشە دەبێت.

بە کوژرانی سەربازانی ئەمریکایی گرژی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست توندتر بووە و نیگەرانیی پەرەگرتنی ململانێکان لەم ناوچەیەدا زیاتر بووە.

لەو پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە وەڵامدانەوەی ئەمریکا لە چەند ڕۆژدا و بە هێرش بۆ سەر ئامانجی جۆراجۆر ئەنجام دەدرێت.