کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی ئێران و پاکستان بۆ پەرەدان بە هاوکارییە نیزامی و ئەمنییەکان

12:06 - 11 رێبەندان 2723

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ  "عاسم مونیر"، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی پاکستان، لەسەر هاوکارییە نیزامی و ئەمنییەکانی دوو وڵات وتووێژیان کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا پێداچوونەوەیان بە پێوەندییە سیاسی و ئەمنییەتییەکاندا کردووە و جەختیان لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و پاکستان کردووەتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرانی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی هەردوولا بەشدار بوون،  لەسەر بەربڵاوکردنی هاوکاریی نێوان بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ئێران و پاکستان ڕێککەوتن کرا.

بە وتەی خۆیان ئەم ڕێککەوتنانە لەسەر بەرنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم بووە.

ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەی، لە دانیشتن لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی ڕایگەیاند "دوو وڵات ڕێگە نادەن کە تێرۆریستەکان ئەمنییەتی ئێران و پاکستان بکەنە ئامانج."

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی گرووپی جەیشولعەدل هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر خاکی پاکستان ئەنجام دا و لە بەرامبەریشدا پاکستان بە چەند مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ناوچەیەک لە بەلووچستانی ئێران کە لە ئاکامی هەردوو هێرشەکە ١١ کەس لە ژنان و منداڵان بوونە قوربانی.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش هێرشە مووشەکییەکان، ٩ هاووڵاتیی پاکستان لە سەراوانی سەر بە پارێزگای بەلووچستانی ئێران لە هێرشێکی چەکدارییدا کوژران.

بەرپرسانی پاکستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هێرشە خوازیاری لێکۆڵینەوە سەبارەت بەم ڕووداوە بوون.