کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕتربوونەوەی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و حوسییەکان لە دەریای سوور

12:14 - 11 رێبەندان 2723

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکام ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ١٠ ڕێبەندان، حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران مووشەکێکی دژەکەشتییان لە یەمەنەوە ئاراستەی دەریای سوور کردووە.

سێنتکام لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان لەلایەن کەشتیی جەنگی ''یوو ئێس ئێس''ی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا شکستیان پێهێنراوە و هیچ زیانیانەکیان بەر نەکەوتووە.

حوسییەکان پێشتریش ناوبەناو هێرشیان دەکردە سەر کەشتییەکان، بەڵام دوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ ئۆکتۆبرەوە، هێرشی حوسییەکانی یەمەن ڕوویان لە زیادبوون کرد.

هەروەها، حوسییەکان بە فەرمی پاڵپشتیی خۆیان بۆ حەماس ڕاگەیاندووە و لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی واشنگتۆن و لەندەن، حووسییەکان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا.