کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران: سەبارەت بە کردەوەی هیچ تاک و گرووپێک لە ناوچەکە بەرپرسیار نین

17:29 - 11 رێبەندان 2723

ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێداونێکدا وتی کە ئێران لە بەرامبەر کردەوەی هیچ تاک و گرووپێکی ناوچەکە بەرپرس نییە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی"ئیرنا" لە زاری ئیروانی، لە نامەیەکدا بۆ هاوتا فەرانسەویەکەی کە سەرۆکایەتیی ئەم خولەی شۆرای ئەمنییەتی بەدەستەوەیە، نووسیویەتی، تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە دەستێوەردانی ئێران لە هێرشەکانی دژی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە ناڕەوا و بێ بنەمایە.

نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە ناردنی چەندین پەیامی واشنگتۆن بۆ تاران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەر چەشنە هێرشیک وڵامی توندی دەبێت.

هەواڵدەەیی ئەلجەزیرە پێشتر لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاوی کردبووە کە دوابەدوای هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئۆردۆن و کوژرانی سێ سەربازی ئەو وڵاتە، واشنگتۆن لە ڕێگەی وڵاتێکی سێهەمەوە چەندین پەیامی بۆ تاران ناردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرته، له بەرامبەر پەیامی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووه که هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکەی به توندی وڵام دەدرێتەوه .

ئەمە لەحاڵێکدایە کە جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بڕیاری داوە چۆن وڵامی هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردۆن بدەنەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئەمریکا نەخستووەتە ڕوو.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دابینکردنی چەک بۆ ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەرپرسیار دەزانێت.