کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ئەمریکا بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا

12:58 - 14 بەفرانبار 2723

جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوی ئەم وڵاتەی وەک نوێنەری تایبەتیی خۆی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.

ئاموس هاشتاین ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بواری ئەمنییەتی وزەیە کە ڕۆژی پێنجەشممە دەگاتە ئیسرائیل.

بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە هاشتاین لەم دواییانەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبنان چاوپێکەوتنی هەبووە و ئەمریکا لەم ڕێگەیەوە هەوڵ ئەدات بەشێک لە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان کەم بکاتەوە.

لەم پێوەندییەدا کاناڵێکی میدیایی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی ئیسرائیلی دەیانهەوێت بە هاشتاین ڕابگەیەنن کە تاکوو ڕێککەوتنێک لەسەر دوورکردنەوەی حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی ئیسرائیل نەبێت، دانیشتووانی شارە سنوورییەکانی ئیسرائیل ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئیسرائیل بە هیوایە ئەم وتووێژانە ببنە هۆی دیاریکردنی سنوورێکی فەرمی و هێڵی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا.

سەفەرەکەی ئاموس هاشتاین دوو ڕۆژ پاش کوشتنی ساڵح ئەلعاروری لە ڕێبەرانی باڵای حەماس لە بەیرووتی پێتەختی لوبنان دەستی پێکردووە.

حەسەن نەسرووڵڵا ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان پاش کوشتنی ئەلعاروری هەڕەشەی وڵامدانەوەی بە ئیسرائیل کردووە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە وێناچێت کە حیزبوڵڵا پاش کوشتنی ئەلعاروری بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکاتەوە.