کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕای ئەمنییەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان مەحکووم کرد

13:02 - 14 بەفرانبار 2723

ئەندامانی شۆڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار لە دانیشتنی شۆڕای ئەمنییەتدا، هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانیان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز" لە یەکەمین دانیشتنی ساڵی نوێی زایینی شۆڕای ئەمنییەتدا، ئەندامانی ئەو شۆڕایە، هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتییە بازەرگانییەکانیان مەحکووم کرد و داوایان کرد هەرچی زووتر کۆتایی بەم هێرشە نایاساییانەی کە سەقامگیریی و ئەمنییەتی کەشتیوانی تێک دەدات، بێنن.

 هەروەها داوایان لە حوسییەکان کردووە کە کەشتیی "گەلەکسی لیدێر" و کەشتیوانەکانی کە دوو مانگ لەمەوبەر دەستیان بەسەردا گرتبوو، ئازاد بکەن.

هاوکات "ئارسینیۆ دۆمینگێز" سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی ئەم هێرشانەی مەحکووم کردن و لەو دانیشتنەدا ڕایگەیاند تا ئێستا ١٨ کۆمپانیی کەشتیوانی لە جیهاندا ڕێگەی کەشتییەکانیان لەبەر مەترسیی حوسییەکان گۆڕیوە.

دۆمینگێز زیادی کرد کە ئەم گۆڕینی ڕێگایە، ١٠ ڕۆژی بە سەفەرە دەریاییەکان زیاد کردووە و هەر ئەوە دەبێتە هۆی گرانبوونی شتومک لە جیهاندا.

ئەمریکا، بریتانیا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانیان، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار وەک دوایین هۆشدار بە حوسییەکانیان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ڕانەگرن، ئامادەی دەئەنجامی کارەکەیان بن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی "سێنتکام" حووسییەکان لە نزیک بە دوومانگی ڕابردوودا ٢٤ جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا.

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئەرتەشی ئامریکا چەند بژاردەیەکی بۆ هێرشکردنە سەر حووسییەکانیان لەبەر دەستدایە.