کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەسیدەی ژینا و ژیلەمۆی ژیان، لە نووسینی جەزا شابازی چاپ و بڵاو کرایەوە

14:26 - 14 بەفرانبار 2723

کتێبی شێعری قەسیدەی ژینا و ژیلەمۆی ژیان، کە بە شێوەیەکی گشتی بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا لە کوردستان نووسراوە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم کتێبە کۆمەڵە شێعرێکی لەخۆ گرتووە کە باس لە ئازار و دەردەکانی نەتەوەی کورد و بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا دەکات.

جەزا شابازی، نووسەری ئەم کتێبە سەبارەت بە قەسیدەی ژینا و ژیلەمۆی ژیان بە کوردستان میدیای وت: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا، کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی، لەگەڵ چرکە بە چرکەی ژان و ئێشەکانی گەلەکەم، لەگەڵ یەک بە یەکی دەستە کەلەپچەکراوەکان، لەگەڵ تاک بە تاکی زیندانییەکان و قوربانییەکان، لەگەڵ دڵۆپ، دڵۆپی فرمێسک و ڕووباری خوێنەکان، شەو و ڕۆژەکان بوونە وشە و شێعر و  قەسیدەی " ژینا و ژیلەمۆی ژیان" لە دایک بوو.

جەزا شابازی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئەمە یەکەمین بەرهەمییەتی کە بڵاو کراوەتەوە و بڕیارە لە داهاتوودا یەکەمین ڕۆمانی خۆی بڵاو بکاتەوە.

کاری گرافیکی ڕووبەرگەکە لەلایەن نگین حیسامی، هاوژینی جەزا شابازییەوە، جێبەجێ کراوە.

جەزا شابازی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە شاری سەقزە و لە تەمەنی ٢ ساڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ دوورخراوەتەوە بۆ شاری ئێسفەهان.

ناوبراو هەر لە منداڵییەوە دەستی بە خۆشنووسی، نووسینی شێعر کورتەچیرۆک کردووە و بە وتەی خۆی حەز و خولیای بۆ نووسین زیاتر لەژێر کاریگەرییەکانی حەمید شابازی برای گەورەی خۆیدا بووە کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە.

جەزا شابازی ماوەی ساڵانێک، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە و ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و درێژە بە کاری ئەدەبیی خۆی دەدات.