کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای ئیلام

15:34 - 14 بەفرانبار 2723

لە درێژەی مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمەڵێک پەرستاربە نیشانەی ناڕەزایەتی بە بارودۆخی سەندیکا و ژیانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی چووارشەممە ١٣ بەفرانبار، کۆمەڵێک لە پەرستارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە کێشەکانی سەندیکا و بژێوی ژیانیان و هەروەها داواکاریی لەمەڕ وەرگرتنی مافە ڕەواکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لە چەند مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا، پەرستاران لە پارێزگای ئیلام، چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە دۆخی نالەباری ژیان، مووچەی کەم، کاری زۆرەملێی زیاتر لە ماوەی دیاریکراو لە سەرەکیترین داواکارییەکانی پەرستارانە.

 لەو پێوەندییەدا لایەنە بەرپرسەکان و سەندیکاکانی کرێکاران چەندین جار سەبارەت بە ئامارە بەرزەکانی کۆچی ساڵانەی پەرستاران و مەترسیی مردنی نەخۆشەکان بەهۆی نەبوونی پەرستارەوە هۆشدارییان داوە.

لە کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ژمارەی پەرستاران لە ئێراندا ٢١٥ هەزار کەسە و ئێران لەگەڵ کەمیی ١٠٠ هەزار پەرستار بەرەوڕوویە.

لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان لە چەندین شاری ئیران و کوردستان درێژەی هەیە.