کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە شەڕ و هێرشەکان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت

12:19 - 11 بەفرانبار 2723

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لە بەردەوامیی شەڕ لە غەززە و درێژپێدانی تا چەند مانگی دیکە کرد.

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی سێزدەهەمین حەفتەی شەڕ لە غەززە، نێتانیاهوو بۆ جارێکی تر ڕایگەیاند کە، تا لەنێوبردنی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان شەڕ بەردەوام دەبێت.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەبێ ناوچەی سنووری غەززە لەگەڵ میسر لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدا بن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشبینیی کردووە کە لەوانەیە شەڕ تاکوو چەند مانگی داهاتوو هەر بەردەوام بێت و وتی: لە ئێستادا شەڕەکە لە لووتکەدایە و ئێمە لە هەموو بەرەکان خەریکی شەڕین.

نێتانیاهوو لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان کرد و وتی: ئەگەر حیزبوڵڵا و ئێران شەڕەکە گەورەتر بکەنەوە، گورزێک دەخۆن کە لە خەونیشدا نەیاندیتبێت.

لە بەرەکانی شەڕیشدا ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ شەڕی قورس لە غەززە، چەند هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر سووریە و لوبنان ئەنجام دا.

لەم هێرشانەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل چەند ‌هێرشێکیان بۆ سەر شارەکانی لوبنان ئەنجام داوە و هاوکات تۆپخانەکانی ئیسرائیل ناوچە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لوبنانیان تۆپبباران کردووە.

هاوکات لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانیدا بۆ سەر حەڵەب و بووکەماڵ لە سووریە، ٢٦ چەکداری سەر بە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون.