کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە زانیاری سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکانی حەماس خەڵاتی داناوە

10:45 - 16 بەفرانبار 2723

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١٥ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی پەکخستنی مێکانیزمە داراییەکانی حەماس، خەڵاتێکی تا ١٠ ملیۆن دۆلاریی تەرخان کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مەبەست لەم کارە وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە پێنج کەس بە ناوەکانی عەبدولباسیت حەمزە ئەلحەسەن خەیر، عامر کەماڵ شەریف ئەلشوا، ئەحمەد سادۆ جەهلەب، وەلید محەممەد مستەفا جادوڵڵا، و محەممەد ئەحمەد عەبدولدایم نەسروڵڵایە کە لە بواری داراییەوە ئاسانکارییان بۆ حەماس کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، محەممەد ئەحمەد عەبدولدایم نەسروڵڵا، یەکێک لە کاربەڕێوەبەرانی کۆنی حەماسە و پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێران هەیە، هەروەها دەستی لە گواستنەوەی دەیان میلیۆن دۆلار بۆ حەماس هەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو خەڵاتانە بۆ زانیاری لەسەر هەر سەرچاوەیەکی داهات بۆ حەماس، یارمەتیدەرە گەورەکان، دامەزراوە داراییەکان کە ئاسانکاری بۆ مامەڵەکانی حەماس دەکەن، کۆمپانیاکانی دابینکردنی تێکنۆلۆژی بۆ حەماس و پلانە تاوانکارییەکان کە قازانجیان بۆ حەماس هەیە، پێشکەش دەکات.

جێگەی ئاماژەیە کە ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، یەکیەتیی ئورووپا، ژاپۆن، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی دیکە حەماسیان خستۆتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و هەتا ئێستا چەندین گەمارۆیان خستووەتە سەر ئەو گرووپە.