کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش بەرپرسایەتیی تەقینەوەکانی کرمانی لە ئەستۆ گرت

10:53 - 16 بەفرانبار 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانبار و ڕۆژێک دوای تەقینەوەکانی شاری کرمان کە لە ساڵمەرگی کوژرانی قاسم سلێمانیی تێرۆریستدا ڕوویان دا، گرووپی داعش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بەرپرسایەتیی ئەم تەقینەوانەی لە ئەستۆ گرت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی داعشدا باس لەوە کراوە کە دوو کەسی خۆتەقێنی سەر بەم گرووپە بە پشتوێنی بۆمبڕێژکراو، تەقینەوەکەیان کردووە.

لە ئاکامی ئەم تەقینەوەیەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکاێک کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی چوارەمین ساڵمەرگی قاسم سلێمانیدا چووبوونە ئەو شووینە کوژران و بریندار بوون.

داعش لە کەتێکدا باسی لە تەقینەوەکان لە ڕێگەی کەسانی خۆکوژەوە کردووە کە لە سەرەتادا دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم، ڕایانگەیاند، ڕووداوەکە بە هۆی تەقینەوەی دوو جانتای بۆمبڕێژکراو بووە کە بە مەودای ٧٠٠ و ١٠٠٠ میتر لە گۆڕی قاسم سلێمانی دانراون.

کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم هەر لە یەکەمین کاتژمێرەکانی دوای تەقینەوەکە، بە ئاشکرا ئیسرائیلیان وەکوو بکەی ئەم کردەوەیە ناو برد و وەک هەمیشە باسیان لە تۆڵەی سەخت کرد.

هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکەدا، ئەمریکا، ڕۆڵگێرانی خۆی لەم کردەوەیەدا ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: هیچ هۆکارێکش بۆ ڕۆڵگێرانی ئیسرائیل لەم تەقینەوانەدا نابینێت.