کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخوندەکانی ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە تەقینەوەکەی کرمان بازاڕگەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان دەکەن

11:26 - 16 بەفرانبار 2723

سەرەڕای ئەوەی کە داعش بە فەرمی بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانباردا، ڕایگەیاند کە بەرپرسایەتیی تەقینەوەکانی کرمان لە ئەستۆ دەگرێ، بەرپرسانی ڕێژیم لە چەواشەکارییەکانیان بەردەوامن و ئیسرائیل بە دەستێدابوون لەم ڕووداوە تۆمەتبار دەکەن.

ئاخوندەکانی سەر  بە ڕێژیم لە کوردستان، لە وتاری ڕۆژی هەینی، ١٥ی بەفرانباردا، بە ئاماژەکردن بە تەقینەوەکانی ڕۆژی چوارشەممەی کرمان، لە چوارەمین ڕێوڕەسمی ساڵمەرگی قاسم سلێمانیدا، جارێکی دیکە قامکی تاوانیان بۆ لای ئیسرائیل و ئەمریکا ڕاکێشاوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم دوو ولڵتە لە پشتەوەی ئەم ڕووداوەدان.

کەریمی پێشنوێژی ڕێژیم لە ئیلام، بە ئاماژە بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، تەقینەوەکانی کرمانی خستە ئەستۆی ئەم دوو وڵاتەوە و وتی: ڕووداوەکەی کرمان نیشانەی بێهیوایی دوژمن لە خەڵکی ئێرانە .

ئاخوند غەفووری، پێشنوێژی ڕێژیم لە کرماشانیش، هەر لەم ڕاستایەدا ڕایەگیاند: نەتەوەی ئێران بێگومانن لەوەی کە دەستی ئیسرائیل لە پشتەوەی ئەم ڕووداوەیە و کۆماری ئیسلامی تۆڵەیەکی سەخت لەم وڵاتە دەکاتەوە.

ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیم، بە کەڵکوەرگرتن لەم ڕووداوە، باسیان لەوە کرد کە خەڵکانی ئێران دەبێ بە بەشداریی گەرموگوڕ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا، وڵامی ئیسرائیل و ئەمریکا بدەنەوە.