کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵانکاریی سەرچاوە سرووشتییەکان لە مەریوان لەژێر سێبەری بێدەنگیی ناوەندە پێوەندیدارەکاندا بەردەوامە

11:38 - 16 بەفرانبار 2723

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بۆ جارێکی تر قامیشەڵانەکانی گۆلی زرێبار کە ژینگەی باڵندەکانە، لەلایەن کەسانی نەناسراوە ئاگریان تێبەردرا.

لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوانەوە بڵاو کراونەتەوە،  دەردەکەوێت کە شەوی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانبار، قامیشەڵانەکانی زرێباری مەریوان کە ژینگەی ئاژەڵان، بەتایبەت باڵندەکانە، بە شێوازێکی بەربڵاو و لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، ئاگریان تێبەردراوە.

زستانی وشک و بێ بەفر و بارانی ئەمساڵ وای کردووە کە قامیشەڵانەکانی زرێبار تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر مەترسییدا بن و ئەمە بووەتە دەرفەتێک بۆ کەسانی سەر بە ڕێژیم و دوژمن بە خاک و ژینگەی کوردستان تاکوو لەم هەلە بۆ کاولکاریی زیادر کەڵک وەربگرن.

گرینگینەدانی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بەم پرسە، نیشانەی ڕەزامەندیی ڕێژیم بە ڕەوتی کاولکارییەکان لە کوردستان و بەتایبەتی مەریوانە.

بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕیژیم پێشتر باسیان لە دامەزراندنی بنکە و کامێرای چاوەدێری بۆ ئەم شوێنانە کردبوو بەڵام تاکوو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان سەبارەت بەم کاولکارییانە نەبووە.

نەبوونی کامێرایەکی چاوەدێری بۆ ئەم ناوچە لەکاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیم لە کوردستان لەسەر هەر کۆڵان و شەقامێک لە ترسی ناڕەزایەتیی خەڵک کامێرایەکی چاوەدێرییان دامەزراندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەردەکەوێت کە کەسێک لە ێو سامانە سرووشتییەکان بە بڕینی دار و لە نێوبردنیان خەریکی دروستکردن و پەرەپێدان بە باخەکەیەتی.

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە ئەم کەسە لە ڕۆژی ڕۆشن و لە نزیک فەرمانگەی سەرچاوە سرووشتییەکانی مەریوان، بەبێ هیچ ترس ودڵەڕاوکێیەک لەلایەن ناوەندە پێوەندییدارەکانەوە، سەرقاڵی لەنێوبردنی سامانە سرووشتییەکانە.