کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی دەریایی ئەمریکا سێ کەشتیی حووسییەکانی کردە ئامانج

12:26 - 11 بەفرانبار 2723

فڕۆکەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا سێ کەشتیی حووسییەکانی یەمەن کە تەقەیان لە هێزەکانی ئەمریکا کردبوو، کردە ئامانج و لەنێویان بردن.

سێنتکام ڕایگەیاند کە فڕۆکەکانی هێزی دەریایی ئامریکا لە ناوچەکەدا، بەپەلە یارمەتیی  کەشتییەکی بازرگانییان داوە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە بە مووشەکێکی بالێستیک کرابوویە ئامانج.

کەشتییەکە سەر بە کۆمپانییەکی دانمارکی بە نێوی "مێرسک" و  بە ئاڵای وڵاتی سەنگاپوورەوە بووە کە پاش کرانە ئامانجی بە مووشەکی حووسییەکان، داوای فریاکەوتنی لە هێزەکانی ئامریکا کردبوو.

سێنتکام دواتر پشتڕاستی کردەوە کە "چەکدارانی حووسی تەقەیان بەرەو هێزەکانی ئامریکا کردووە و ئەوان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، هەر سێ کەشتییەکەیان کردووەتە ئامانج و لەنێویان بردوون.

کۆمپانی دانمارکیی "مێرسک" ڕایگەیاندووە کە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر جووڵەی کەشتییەکانی لە گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور ڕادەگرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا و لەلایەکی دیکەوە سێنتکام بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە هەژمارە کۆمەڵایەتییەکانی ڕایگەیاند ناوشکێنێکی ئامریکا دوو مووشەکی بالێستیکی حووسییەکانی لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خستووەتە خوارەوە.

شایانی باسە کە پاش دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بە بیانووی ئیسرائیلیی بوون، کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەکەنە ئامانج.

حووسییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو کارە بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپی حەماس ئەنجام ئەدەن.