لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان شوێنەواری مێژوویی کوردستان، لەلایەن کەسانی هەلپەرەست و بەتایبەتی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی سەر بە ڕێژیمەوە هەوڵی سڕینەوە، شێواندن و لەنێوبردنیان دراوە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار یەکێک لە شوێنەوارە ناسراوەکانی ناوچەی پیرانشار بەناوی "قەڵای مووتاوێ" کەوتووەتە بەر هەڵمەتی لەنێوبردن و بەناوی کێشانەوەی گڵ و کارگەی وەک بلۆکسازی یان زەویی جووتیاری کەڵکی نابەجێی لێ وەردەگیرێ.
ئەم قەڵایە لەلایەن میراتی کولتووریی ڕێژیمەوە لە ساڵی ١٣٨١ بە ژمارە ٧٥٢٦ تۆمار کراوە و هەر لەلایەن ئەوە ناوەندەوە ئیزنی دروستکردنی خانەباخ و ئەو شێواندنانە دراوە.
قەڵای مووتاوێ بە پانتایی ١٣ هێکتار، لە ٤ کیلۆمیتریی شاری پیرانشار و باشووری ڕووباری گوڵاوێ لە تەنیشت ڕێگای سەرەکیی پیرانشار بۆ سەردەشت هەڵکەوتووە.
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ساڵی ١٩٦٦ـی زایینی کراوە، مێژووی ئەو گردە و ئەو ناوچەیە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
دیواری دەوری قەڵای مووتاوێ لە سەردەمی سەفەوییەکان یان ئەفشار یان سەرەتاکانی قاجاڕ بە شێوازی ئەستێرە و بە بەردە مۆرە بۆ کاروباری سەربازی چاک کراوە.
ئەم قەڵایە یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٣٥٧ وەکوو بنکەی سەربازی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کەڵکی لێ وەرگیراوە و دوای ئەوەش گوندی مووتاوێ چۆل کراوە و شوێنەواری ئەو قەڵایەش شێوێندراوە. هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین توێژینەوەی زانستی و ئاکادێمیک لەسەر ئەم قەڵایە ئەنجام دراوە.