کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن نەسروڵڵا: ٦٧٠ هێرشمان کردووەتە سەر ئیسرائیل

12:54 - 16 بەفرانبار 2723

ڕێبەری گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە  کە لە کاتی دەسپێکی شەڕ لەلایەن حەماسەوە، ٦٧٠ هێرشیان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئەنجام داوە.

حەسەن نەسرووڵڵا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژێک پاش دەسپێکی شەڕ لەلایەن حەماسەوە، ئەوانیش دەستیان بە هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل کردووە کە لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە زرێپۆشەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.

نەسروڵڵا باسی لەوە کردووە کە هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەرفەتێکی مێژووییە بۆ لوبنان تاکوو بە وتەی ئەو زەوییە داگیرکراوەکانی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، داگیر بکاتەوە.

هەروەها زیادی کردووە کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامی لە عێراق دەرفەتێکی باش و مێژووییان هەیە تاکوو لە دەستی ئەمریکا ڕزگاریان بێت.

ئەم وتانەی ڕێبەری حیزبوڵڵا لەکاتێکدایە کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانبار ڕایگەیاندبوو کە حیزبوڵڵای لوبنان کاتێکی زۆر کەمی بۆ ڕێککەوتنی دیپلۆماتیک هەیە.

یواو گاڵانت لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هاشتاین، نوێنەری تایبەتی جۆ بایدێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل ڕایگەیاند چەکدارانی تێرۆریستی حیزبوڵڵا ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر باکووری ئیسرائیل و بۆیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی دیپلۆماتیک کاتێکی زۆر کەم لەبەر دەستە.

گاڵانت جەختی کردووەتەوە کە گرووپی حیزبوڵڵا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت و هەڕەشەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان لە ئیسرائیل قەبووڵ ناکرێت.

ئیسرائیل پێشتر هۆشداریی داوە کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی وتووێژەوە حیزبوڵڵای لوبنان کە خوازیاری لەنێوچوونی ئیسرائیلە لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە دوور نەخاتەوە، ئەوکات ئیسرائیل هەنگاوی پێویست هەڵدەگرێت.

میلیشیاکانی حەماس و حیزبوڵڵا کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی دارایی و سەربازییان لێ دەکرێت، لەلایەن ئەمریکا و ئورووپا و هەندێک لە وڵاتانی جیهانەوە بە گرووپێکی تێرۆریستی ناسێندراون.