کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی گیانلەدەستدانی کرێکاران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٥.٧ لەسەد بەرز بووەتەوە

17:50 - 16 بەفرانبار 2723

ڕۆژنامەی ''شەرق'' ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ بەفرانبار بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە زۆربوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ١٤٠٢ لە ئێراندا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی شەرق، لە ماوەی ٦ مانگدا، زیاتر لە ١٠٠٠ کرێکار بە بەراورد لەگەڵ کاتی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو گیانیان لەدەست داوە کە ئەمە نیشاندەری بەرزبوونەوەی ڕێژەیەکی ١٥.٧ لەسەدییە.

بەپێی ئەم ئامارە، ٤٩٨ کەس لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوە، ٢٤٦ کەس بەهۆی بەرکەوتنی شتی سەخت، ١٥٥ کەس بەهۆی کارەباگرتوویی، ٦٥ کەس بەهۆی سووتان و ٣٥ کەسیش بە هۆی کەمیی ئۆکسیژێنەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانی، لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە چەواشە دەکرێت و هیچکات ئامارێکی دروست و فەرمی سەبارەت بەم ڕێژەیە بڵاو ناکرێتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارە لەلایەن ڕۆژنامەی شەرقەوە لەکاتێکدایە کە هیچ ئاماژەیەک بە ڕێژەی خۆکوژیی کرێکاران نەکراوە.

بەگشتی دۆخی کرێکاران لە ئێران نالەبارە، لەلایەکەوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانیی هەوسارپچڕاو، لەلایەکی دیکەشەوە گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە کێشەی بژێوی ژیانی ئەم چینە لە کۆمەڵگە وای کردووە کە زۆر جار بۆ دەبازبوون لە کێشەکانیان، پەنا بۆ خۆکوژی ببەن.

زۆربەی چالاکانی کرێکاری لەسەر ئەو باوەڕەن کە کرێکاران لە ئێران یەکێک لە چینە چەوسێندراوەکانن و سەرکوتکردنیان بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕوو دەدات.