کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاح شێخ محەممەدی، ئەکتەری کوردی خەڵکی مەهاباد کۆچی دوایی کرد

17:56 - 16 بەفرانبار 2723

ڕۆژی هەینی ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٢، سەلاح شێخ‌محەممەدی ئەکتەر و گریمۆری خەڵکی مەهاباد دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە شاری زاهێدان، کۆچی دوایی کرد.

ئەم هونەرمەندە لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە نەخۆشخانەی شاری زاهێدان خەوێندرابوو.

سەلاح شێخ محەممەدی کە بەردەنگانی تلویزیۆن، شانۆ و سینەما بەپێی ڕۆڵگێڕان لە ڕۆڵی «مام نەنوو»دا بەم نێوە دەیانناسی، لە ساڵی ١٣٢٤ی هه‌تاوی له شاری مه‌هاباد لەدایک بووه و قۆناغه‌کانی خوێندنی له قوتابخانه‌کانی شاری مه‌هاباد تێپه‌ڕ کردووه‌.

کاک سەلاح ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و یەکێک لە بێژەرە بەناوبانگەکانی بەشی فارسیی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بووە. هەر بەم هۆیەشەوە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

کاک سەلاح لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێرێ مەهابادە. برایەکی کاک سەلاح بە ناوی جه‌واد شێخ محه‌ممه‌دی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە کە لە تێکهەڵچوونێکدا لە ساڵی ٦٨، چووەتە ڕیزی کاروانی شەهیدانی گەلەوە.

ناوبراو مامۆستای قوتابخانه‌کانی شاری مه‌هاباد بووه‌ و له بواره‌کانی سینه‌ما، شانۆ، تلویزیۆن، دووبلاژ، گریم و چەندین بواری دیکە چالاکیی نواندووه‌.

سه‌یده‌وان، تەلەنگۆر سەلیم، ئاخرین سەمفۆنیی عیشق، لوعبەتەکها و یاغی‌ها وه‌ک گرینگترین به‌رهه‌مه شانۆییه‌کانی ناوبراو به ئه‌ژمار دێن.

له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له فیلمه‌کانی شکارچیان عەقرب، بازەم سیب داری، میراث، له‌چه‌رخان و په‌ککه‌وتوو ڕۆڵی گێڕاوه‌.

له باشووری کوردستان له فیلمه‌کانی گه‌ڕه‌کی داهۆڵه‌کان، سرته له‌گه‌ڵ با، سێبه‌ری ژیان، سێگۆشه‌ی مه‌رگ، بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد، ماندوو، هه‌نسکی ئاسمان، ترس له مردن وشه‌نگال ڕۆڵی گێڕاوه‌.

وه‌ک گرینگترین ڕۆڵی له کورته فیلمدا ده‌کرێ ئاماژه به‌و کارانه لەوانە: عەکاس، شه‌هید و ڕۆژی چواره‌م بکرێت و هه‌روه‌ها له زنجێره‌دراماکانی گه‌رده‌لوول، سۆما، شۆک، که‌رکووک ٤ ڕۆڵی هەبووه‌.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.