کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە شنۆ

21:31 - 16 بەفرانبار 2723

ڕۆژی هەینی، ١٥ی بەفرانبار، حاجی ئەحمەد خۆشڕوو، ناسراو بە خاڵ حاجی ئەحمەد هەرکی، کەسایەتیی خۆشناو و ناسراوی ناوچەی دەشتەبێڵ و شاری شنۆ، بە هۆی بەساڵاچووییەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حاجی ئەحمەد، هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی خۆی یارمەتیدەر و پشتیوانی هەمیشەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شۆڕشەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بووە.

لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، حاجی ئەحمەد لەگەڵ دوو برای خۆی بە ناوەکانی خاڵ ئەحمۆ و خاڵ حاجی خانە، لەگەڵ تێکۆشەرانی دێموکرات لە پێوەندیدا دەبێت و دواتر بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستاندا دەکات. هاوکات لە ساڵانی ٤٧-٤٦ی هەتاویدا، سەرلەنوێ لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزب پێوەندی دەگرێتەوە و پاش سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دووبارە پشتیوان و حیزبی دێموکرات دەمێنێتەوە.

خاڵ حاجی ئەحمەد کەسایەتییەکی جێی متمانەی خەڵک و خێرۆمەندێکی گەورە و باوەڕدارێکی ئایینیی کوردپەروەر و خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بوو.

تەرمی ناوبراو ڕۆژی شەممە، ١٦ی بەفرانبار لە گۆڕستانی سوڵتان مستەفا لە شاری شنۆ، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەماین دەزانێت.