د. کوێستان گادانی: ڕاستە زۆر دەرفەتمان لەکیس چوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ئێران ناگەڕێتەوە پێش شۆڕشی ژینا
دیمانە: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: شۆڕشی ژینا بە پاشخانی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی دەیان ساڵەی دژی کۆماری ئیسلامی بناغەی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی وە لەرزە خست و ڕێژیمی تا لێواری نەمان برد. ساڵیک دوای ڕووداوەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەری ١٤٠١ ئەو پرسیارە لە هەموو کاتێک بەرجەستەتر دەبێتەوە کە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە کوردستان و ئێران چی بوون؟ ئایا بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە گشتییەتی خۆیدا توانی ڕاپەڕینی ژینا بکات بە دەرفەت بۆ بەرجەستەکردنی وێژمانی سیاسی و پرسی کورد؟ ژنانی کورد لەکوێی ئەو شۆڕشەدا وەستاون؟ شۆڕشی ژینا بۆ بە ئاکام نەگەیشت؟ ئایا ئەو ڕاپەڕینە کۆتایی پێ هاتوە؟ لەم دیمانەیەدا ئەم پرسیارانە و کۆمەڵە بابەتێکی تر لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژینادا لەگەڵ خاتوو د. کوێستان گادانی، چالاکی سیاسی و مامۆستای زانکۆ تاوتوێ دەکەین.
خاتوو کوێستان سەرەتا باسەکەمان بەم پرسیارەوە دەست پێدەکەین، ساڵێک و چەند مانگ دوای شۆڕشی ژینا، بەڕێزتان چۆن باس لە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە کوردستان و ئێران دەکەن؟
بە ئاوڕدانەوەییەکی کورت لەسەر شۆڕشی ژینا، بزووتنەوەیەک کە لەسەر بناغەی سێ چەمکی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێچکەی خەباتی خۆی گرتە بەر، پێش ئەوەی کاریگەریی ئەم ڕاپەڕینە لەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە ناوچەدا باس بکەین، ڕەنگە گرینگیی خۆی هەبێت کە بەکورتی باسی نێوەرۆک و کاریگەریی ئەم سێ چەمکە لە ژینگەی سیاسیی ئێران و کوردستاندا بکەین. لەم سێ وشەیەدا کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بە چەندین زمان وەرگێردراوە و دەنگدانەوەی جیهانی هەبووە. هەمووان دەزانین کە ژن لە بواری ڕەگەزی و مافی یەکسانی بەداخەوە لە ئێران هێچ بایەخێکی ئەوتۆ و ئەمڕۆیی لەچاو وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیک پێ نەدراوە. مانا و مەفهوومی وشەی ژن پەیامێک بوو بۆ سەلماندن، دەربڕینی توانایی و یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگەی داخراوی ئێراندا. وشەی ژیان لە بواری کۆمەڵایەتی و بژێوی ژیان، فەرق و جیاوازیی نێو کۆمەڵگە ڕەمزی مانەوە و بەردەوامیی خەڵکی ئێران کە دەتوانین وەک بێزاریدەربڕین لە ژیان و بارودۆخی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵکانی دانیشتووی ئێران و دەنگهەڵبڕینی ناڕەزایەتی خەڵک و گوێنەدان و دابیننەکردنی پێویستی ڕۆژانەی دانیشتووانی ئێران لەلایەن دامودەزگای حکوومەتی ئیسلامی بخوێندرێتەوە. چەمکی سێیەم کە ڕەنگبێ لەنێو دانیشتووانی ئێراندا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی و لە تاکێک بۆ تاکێکی دیکە جیاواز بێت. بەو مانایە کە ڕەنگبێ تاکێک لە شاری تاران وشەی ئازادی بۆ شێوەی پۆشینی جلوبەرگ، ئازادی و سەربەستبوونی لە دەرەوەی یاسا و ڕێسای ئیسلامی ئامانج بێت، بەڵام هەمان وشەی ئازادی بۆ کوردەکان و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران مانا و مەفهوومی سیاسی، سەربەستیی نەتەوەیی و ئازادیی ڕادەربڕین بێت. بە باگراوندی ئەم سێ چەمکە وەک دروشمی پڕ نێوەرۆکی ژن، ژیان، ئازادی دەبینین کە کاریگەریی ئەم شۆڕشە نەک تەنیا لە ئێران و کوردستان بەڵکوو دەنگدانەوەی لە هەموو جیهاندا هەبوو. کاریگەریی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکان بەدڵنیاییەوە لە نێوخۆی کوردستان بەنیسبەت دەرەوەی وڵات زیاتر بووە، دیارە هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرێ چونکە ئامانج لەو بزووتنەوانە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و پێکانی ئامانجەکان لە ناوچەی دیاریکراوە کە ئەگەر پشتیوانی دەرەوەی وڵاتیشی وەک کاتالیزاتۆرێک بۆ ئەم ئاڵوگۆڕەی لێ بکەوێتەوە زۆر باشتر دەبێ.
بەکورتی دەتوانم بڵێم بارودۆخی ئێران و کوردستان ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی. کوردستان بەتایبەتی و ئێران بەگشتی بۆ جارێکی دیکە بۆیان دەرکەوت کە کۆمەڵگە بەبێ هەبوونی ڕۆڵ و نەخشی ژنان ناتوانێ کۆمەڵگەییەکی سەرکەوتوو بێت و هەبوون و تێکەڵاوبوون و بەشداریی ژنان لە پرۆسەی وەدەستهێنانی ماف و ئامانجە ڕەواکانی هەر کۆمەڵگەیەک بەردی بناغەی جێگیرکردنی کۆمەڵگەییەکی دێموکراتە لە داهاتوودا. ژنان و لاوان چیدیکە پاشکۆ و ڕێرەوەی گەورە ساڵانی کۆمەڵگە نین و بەڵکوو بەشێوەیەکی سەردەمیانە و ئەمڕۆیی دەتوانن ڕێبەری بزووتنەوەیەک وەرگرن و بە ئەزموون و هاوکاریی نەسڵی پێش خۆیان سەرکەوتنی زیاتر وەدەست بێنن. بۆ کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان دەرکەوت لەگەڵ ئەوەی مێژوو و خەباتی چەند ساڵەی گەلانی ئێران بەرز دەنرخێنن، بەڵام تەنیا ڕێگای ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لەیەک شێوە و یەک ڕەهەندی خەباتدا نییە بەڵکوو لە زۆر ڕەهەندەوە دەتوانن هەنگاو بەرەوە چارەسەری کێشەکان هەڵێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە چاوەڕوانی زیاتری لە مودیرییەتی بەردەوامی شۆڕشی ژینا دەکرا، بەڵام یەکدەنگی، هاوکاری و یەکگرتوویی خەڵکی ئێران لە ناوچە جیاوازەکان لە جارانی پێشوو زیاتر بوو کە هەمووی ئەمانە و کۆمەڵێک خاڵی دیکە وای کردوە، خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی ترسی لە حکوومەت نەمێنێ و بە خەباتی نێوخۆیی لە داهاتوودا هەرەس بە سیاسەتی ناعەداڵەتی و نابەرابەری و سیاسەتی دوگمی کۆماری ئیسلامی بهێنێ. بەمجۆرە ئەگەر ئەم حکوومەتە تەنیا ڕێگای نەجاتی خۆیشی لە قەتڵوعام، زیندانیکردنی دژبەران و ئێعدامی خەڵکی ئێراندا ببینێتەوە، دیسانەوە ئەم حکوومەتە بەم خەڵکە نەترسە ناوێرێ و ناگەڕێتەوە قۆناغی پێش شەهیدکردنی ژینا و ئەو ڕاپەڕینەی لەو سۆنگەیەوە وەڕێ کەوت.
بە ڕوانگەیەکی خەسارناسانە، ئایا بزووتنەوەی ژنانی کوردستان یان تەنانەت بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە گشتییەتی خۆیدا توانی ڕاپەڕینی ژینا بکات بە دەرفەت بۆ بەرجەستەکردنەوەی وێژمان و پرسی کورد و بزووتنەوەی ژنانی کورد؟
ئەوەی کە ئەم دەرفەتە بۆ پرسی ژنان و پرسی کورد چەندە کەلکی لێ وەرگیراوە، ناتوانین بڵێین کەلکمان لێ وەرنەگرتوە, بەڵام دەمانتوانی زیاتر و باشتر کەلک لەم بزووتنەوە جەماوەرییە وەرگرین. هۆکاری کەمتر کەلکوەرگرتن لەم هەلومەرجەدا دەتوانێ ئەوە بێت کە ئامادەیی تەواوی بۆ نەکرابوو، بەرنامە دارێژراو نەبوو. چاوەڕواننەکراو بوو. ئەزموونی کار و نیازپاکی و کار و هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆن چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی کوردستانی غایب بوو. هێندێک بەرژەوەندیی حیزبی و نەتەوەییمان پشتگوێ خست و زیاتر لە بیری بزووتنەوەی هەمە لایەنەی خەڵکی ئێراندا بووین و دەکرێ بڵێین هێندێک بە تەعاروف و بە ئیحتیات هەنگاوەکانمان هەڵدەهێنایەوە تا زەمانێک کە ئێمە بۆ هاودەنگی و یەکڕەنگی و پشتیوانی هەمە لایەنە هەوڵمان دەدا، هێندێک لایەنی دیکە بەرنامەڕێژیی خۆیان کردبوو. هەمووی ئەوانە و زۆر خاڵی دیکە بوونە هۆکاری ئەوەی کەمتر بتوانین لەم دەرفەتە کەلک وەرگرین. بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەسکەوتەکانیشی کەم نەبوون وەک ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بگرە هاوئاهەنگی ڕیزی حیزب و لایەن سیاسییە کوردەکانیش وشیارتر خەتی سیاسی ڕوونتر و ڕێگا و شێوەی هاوکاری خەباتییان بۆ یەکتر شەفافتر و ڕوونتر بوونەوە.
بۆ جارێکی دیکە لە دوای شەڕی کۆبانی ژنی کورد ئەمجارە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان نیوی ژنی کورد و خەباتی نەتەوایەتی و یەکسانی هێناوە نێو بەرنامەو پڕۆژەی کاری دامودەزگای نێودەوڵەتی. ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنج و پشتیوانیی ژنانی جیهانیان بۆ هاوخەباتی و یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەدا بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. ئەوە کە لە ماوەی دوو مانگدا دوو خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل و ساخارۆف پێشکەش بە دوو ژن کرا کە سیمبولی خەباتی یەکسانی و ئازادی بوون، هەم دەسکەوت و هەم پەیامێکی سیاسیی پڕ مانا بوو بۆ حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەر بەو ڕوانگە خەسار ناسانەیە، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ بە ئامانج نەگەیشت؟ یان بە تەعبیرێکی دی ئایا ئەو ڕاپەڕینە کۆتایی هاتوە؟
پێش ئەوەی باسی بە ئامانجگەیشتن بکەین دەبێ بڵێین ئامانجی ئەم شۆڕشە لە سەرەتاوە چی بوو تا بزانین بە ئامانج گەیشت یان نا. تازە هەر لەسەر وشەی شۆڕش زۆر تێبینی هەیە ئەرێ شۆڕش بوو یان بزووتنەوەیەکی جەماوەری بە مەودا و بەربەرین و بەردەوامێکی زۆر کە هەموو شاهیدی بووین. کە باس لە سەرکەوتن یان شکستی شۆڕش دەکرێ، دەبێ ئامانج و بەرنامەیەکی لە پشت بێت و گرووپێک جا هەرچی ناوی لێ بنێین بەڕێوەبەری ئەم شۆڕش و بزووتنەوەیە وەئەستۆ بگرێ. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەم بزووتنەوەیە، بزووتنەوەییەکی جەماوەری بوو کە لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا توانی چەندین پەیامی ببێت و کاریگەریی خۆشی دابنێت. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین کە سەرکەوتوو بووە و ئامانجی خۆی پێکاوە. ئەگەر بڕوانینە بەرنامە و پلانی هەر یەکەیەکەی دامەزراو و ڕێکخراوی سێنفی تا حیزبێکی سیاسی و دامودەزگای دەوڵەتی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئامانجێکی تایبەتی هەیە و لەم ڕێگەیەدا کار و تێکۆشان دەکات. ئێمە هەموومان دەزانین کە شۆڕشی ژینا تا ڕادەیەکی زۆر خۆرسک و بێڕێبەر بوو بە بەراورد لەگەڵ شۆڕشەکانی پێشووتر. کەسێکی کاریزما و بەڕێوەبەرێکی تایبەتی نەبوو، تەنانەت بەرنامە و خواستێکی دیاریکراوی لە بوارێکی تایبەتیشدا نەبوو. واتا وەک خۆپیشاندانەکانی دیکە "خواستتەوەر" نەبوو، بەڵکوو تەقینەوەی ناڕازیەتیی پەنگخواردووی چەندین ساڵەی خەڵکی زوڵملێکراوی کوردستان و ئێران بوو کە بەکۆمەڵ و یەکدەنگ ڕووی دا کە دیارە ئەوەش بەداخەوە هەموو شارە گەورەکان و هەموو چین و تووێژی کۆمەڵگەی نەگرتەوە.
خوێندنەوە گشتییەکەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی ژنان و مافەکانییان لە ئێرانی داهاتوو چییە؟ پێتان وانییە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن پتر لەوەی باوەڕیان بەو پرسە هەبێت پتر بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و لەپێناو دەسەڵاتخوازیدا سەیری دەکەن؟
پێش ئەوەی باسی خوێندنەوەی گشتیی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کۆماری ئیسلامی بکەین، با ئاوڕێکی زۆر کورت لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بدەینەوە. دڵنیام لێرەدا لەگەڵم هاوڕان کە باسی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین ڕوومان لە ئۆپۆزیسیۆنێکە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن بەداخەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بە پرشوبڵاوی و لاوازی دەبیندرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی دووپاتی بکەمەوە کە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و هاودەنگ دەرفەتێکی زیڕینی وەک شۆڕشی ژینا بۆ دەسکەوتی زیاترمان لە دەست دا. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران نەیتوانیوە لەسەر چەند خاڵی هاوبەش بە هاوپەیمانێک بگات کە بتوانێ لانیکەم وەک ئاڵتێرناتیڤێک قسەی خەڵکی نێوخۆی ئێران بکات دەتوانین چ چاوەڕوانییەکمان لێی هەبێت. ئۆپۆزیسیۆنێکی دابەش و ناڕێک کە هەر کەسەی سازی سیاسیی حیزب، ڕێکخراوی خۆی وەک کەسایەتیی لێ دەدا، نەک تەنیا ناتوانین ڕا و بیروبۆچۆنییان لەسەر ژنان بە دروستی بزانین، بەڵکوو زۆر جاری وا هەبوو کە تەنانەت لەسەر خودی کۆماری ئیسلامی تووشی ڕاوبۆچوونی دوگم و پارادۆکس بووە. دیارە هەموو حیزب و پێکهاتەیەک هێندێک دروشمی هەیە کە تا ئێستا بەکردوە جێبەجێ نەکراون. یەکێک لەوان پرسی ژنە. لەم حیزب و ڕێکخراوانەدا، لەگەڵ ئەوەی بەرنامە و تیۆریی باشی هەیە بەڵام تا ئێستا پیادە نەکراون. لە کات و ساتی وەک شۆڕشی ژینا یان هەلومەرجی تایبەتدا ئەم دروشمانە زیاتر لە وتووێژ و لێدوانەکاندا دەردەکەون. هەموو هەوڵ دەدەن کە لایەنێک لە لایەنێکی دیکە باشتر سەرنجی جێگە و پێگەی ژنان باس بکەن و ڕێزی لێ بگرن. بەڵام تا ئێستا هیچ حیزب و ڕێکخراوە و کەسایەتیک بە گوێرەی پێویست نەیانتوانیوە لە مەیدانی کردەوەدا وڵامدەری چالاکی، تێکۆشان، جێگە و پێگەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بن. تا ئێستاش خەبات و ڕۆلی ڕێبەری و بەڕێوەبەریمان هەر زۆرتر ڕوخساری پیاوانەی پێوە دیارە، لەگەڵ ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێندێک مێکانیزم و هەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان بەتایبەتی لە ئاستی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان پێشکەوتنێک لەم بوارەدا دەبیندرێت. بەڵام تەنیا دەستپێکە جێ نەکەوتووە. ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان خوێندنەوەی ڕۆلی ژنان و دیاربوونییان بوو لە ئاستی کاری دیپلۆماسی کە وەک بالوێزێک کار بۆ شۆڕشی ژینا بکەن و دەنگی ئەوان بن لە دەرەوەی وڵات. لەگەڵ ئەوەی ژنان وەک تاک بۆخۆیان ئەوەندەی لە دەستییان هات کاریان کرد بەڵام لە ئاستی بەڕێوبەریی حیزبی و ڕێکخراوەییدا بەداخەوە دەبێ بڵێین کە جێگەی ژنان خاڵی بوو، من ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ ڕووتینی کاری چەند ساڵەی حیزبە کوردییەکان کە زیاتر پیاوان لە ناوەندی بڕیاردان و وتەبێژی دابوون و هاوکات هەستیاربوونی دۆخەکە کە بەهۆی کەمی ژنان لە ناوەندی بڕیارداندا لە ڕابردوودا، دوو دڵی، شک و گومان لە توانایی ژنان لەم بوارەوە لەلایەن ڕێبەری و بەڕێوەبەریدا هەبووە. لەلایەکی دیکەش کاتەکان و دۆخەکان ئەوەندە ناڕوونن کە حاڵەتێکی کێبەرکێی دێتە ئاراوە کە هەر تاک و هەر حیزبێک پێیوایە ئێستا کاتی دیاربوون و لەسەر خەت بوونە و ئەگەر ئەو هەلە نەقۆزنەوە ئەوە خۆیان دیار نابن و ئەم دەرفەتە لە دەست دەچێت و ڕابردووی کار و چالاکییان نادیار دەبێت. کەواتە دەتوانین بڵێین نە لە ئاستی حیزب و ڕێکخراوەییدا و نە لە ئاستی تاکەکەسییدا هەبوونی ژنان لە ناوەندی بەڕێوبەریی و ڕێبەری نەبووتە کولتوورێکی جێکەوتوو و هەمەپەسەند و زیاتر لە چوارچێوەی دروشمی بریقەدار و فۆرمالیتەدا ماوەتەوە. لەم بارەوە ژنانی ئێرانی بەهۆی پشتیوانی مەیدانی کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا لێیان کرا بە باشترین شێوە دەرکەوتن و بەشێک لە ئێرانییەکان ئەم هەلەیان باش قۆستەوە و بە پێشخستنی ئەم ژنانە دەکرێ بڵێین کە شۆڕشی ژینای کوردییان زیاتر بە ئێرانی کرد کە دەبێ بڵێین ئێمەی کورد بەهۆی هێندێک بەربەستی تاکی، حیزبی و بێئەزموونی و بێپشتیوانیی مەیدانی لەم دەرفەتە بەباشی کەلکمان لێ وەرنەگرت. زیاتر لەسەر ڕەوتی نیشتمانپەروەری ئیحساسی و زیاتر لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبیدا خۆمان قەتیس هێشتەوە و بەرخوردمان بەم قەزییەیە، واتە شۆڕشی ژینا کرد.
کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی تۆتالیتەر و سەرکوتگەری مافەکانی خەڵک بۆچی ئەوەندە لە پرسی ژن، ژیان، ئازادی تۆقیوە؟ تا ئەو ڕادەیەی ڕیسوایی ئەوە بکڕێت کە دەستبەسەر لەوحی ڕێزلێنانەکەی خەڵاتی ساخارۆڤدا بگرێ؟
ئەم ترس و خۆفەی ڕێژیم دەتوانێ لە چەندین گۆشەوە باسی لێ بکرێت. یەکەم، ڕێژیم زۆر لە ئێمە باشتر کە لە دەرەوەی ئێران دەژین کۆمەڵگەی خۆی دەناسێ بەو مانایە کە دەزانێ زۆر درەنگ بووە و ڕیشەی کۆنترۆڵی کۆمەڵگەی تەنیا بەهۆی سەرکوت و زەبر و زۆری لە دەستدایە کە ئەوە لە درێژخایەندا هەر دۆڕانی بە دوایەوەیە. کەواتە جموجۆڵ و چالاکبوونی خەڵک بە گشتی و ژنان و لاوان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی هەست پێ کردوە و دەزانێ کە خەڵک وەحشت و ترسی لەم دەوڵەتە لەرزۆکە نەماوە یان باشتر بڵێین کە وەگیان هاتوون و مەرگ تەرجیح دەدەن بەسەر ئەم شێوە ژیانە. دوویەم، ئەوەی کە خەڵکی نێوخۆی ئێران و نەسڵی ئەمڕۆ لەگەڵ دنیای دەرەوە لە پێوەندی نەک ڕۆژانە بەڵکوو لە کات و ساتدا پێکەوە دەژین و تێکنۆلۆژی وای کردوە کە هیچ شتێک ناتوانێ تا سەر شاراوە بێت. سێیەم، لەم چەند ساڵانەی دواییدا ژنان چالاکیی زیاتر و بەشداری زیاتریان لەنێوخۆی وڵات هەبووە کە ئەمە هەم لە بواری کولتووری و لە هێندێک ناوچەی ئێران لە بواری مەزهەبی تابۆ بووە و ئەگەر ئەمە لە ئێران هەروا بەردەوام بێت ئەم کۆمارە ئیسلامییەی کە دەیەوێ ئیمپراتۆریی شیعە لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست دابمەزرێنێت و ڕێبەری بکات ناتوانێ وڵامدەری بەرنامە و پیلانەکانی بێت نەک لەنێوخۆی وڵات بەڵکوو لە دەرەوەی ئێرانیش. بۆیە، ئەگەر جاران پیاوان ڕێبەر و پێشەنگی خۆپێشاندانەکانی سەر شەقام بوون و چالاکی سیاسی و جەنگاوەر دادەنران، تا ڕادەیەک لە باری کولتووری و مەزهەبی ئاسایی بوو و بگرە کوشتن و ئێعدامیش بۆ پیاوان زیاتر جێگای پەسەند و عادی بوو، بەڵام ئێستا کە ژنان شان بە شانی پیاوان و بگرە زیاتر لە پێشڕەوەی خەبات دژی ئەم ڕێژیمەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات کە ئەم ڕۆل و نەقشەی ژنان کەمڕەنگتر بکاتەوە و نەهێڵێ دەنگ و ڕەنگییان بە هیچ کۆی بگات و لەوەش دەترسێ کە ئەم خەباتە، پەسن و دەنگدانەوەکەی ببێتە پاڵنەرێکی زیاتری چالاکیی ژنانی نێوخۆ کە بەشداریی پتر و کاریگەرتریان لە کۆمەڵگەدا هەبێت. کەواتە ڕێژیم لەم ڕوانگەیەوە هەوڵ دەدات کە خەبات و دەنگوڕەنگی ژنانی چالاک بنەبڕ بکات یان ئەوەی ڕێگریی، ترس و تۆقاندن بەم کردەوانەی بخاتە نێو ڕیزەکانی ژنان کە بە خۆشییەوە لەم بارەوە تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی نەبووە.
باسی خەڵاتەکەی ساخارۆڤ و هەڵوێستی یەکیەتیی ئورووپا کرا. ئێوە چۆن دەڕواننە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی جیهانی وەک فاکتەرێک لە سەرکەوتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران؟
بەداخەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەپێی مێژوو زۆربەی کات هەر چاوی لە پشتیوانی و دەستێوەردانی کۆمەلگەی جیهانی بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی. دیارە ئەم چاوەڕوانییە سنووری خۆی هەیە، بەو مانایە کە هێندێک چاوەڕوانی و بە دەستهێنانی دەسکەوتی بەرچاو بەهۆی عورف و پرۆتۆکۆل و هاوپەیمانی کاری دیپلۆماسی و دانووستانی نێوان دەوڵەتان بەپشتیوانی جیهانی و دەوڵەتانی زلهێز گرێ دراوە و نکۆڵی لەم بەشە ناکرێ. بەڵام هۆی ئەساسیی ئەم چاوەڕوانییانە لەڕاستیدا لە نەبوونی یەکدەنگی، یەک هێزی و یەکگرتوویی خۆمانە کە وەک کۆمەڵگەیەک کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەژین بە هەموو نەتەوەکانەوە، لەسەر بەرژەوەندی و خاڵە هاوبەشەکان زۆر لێک دوورین کە بەداخەوە بەهۆی مێژووییەکی پڕ لەژێر دەستی و دابەش بوونمان کورد یەکەم پشکی پێ بڕاوە. لە کاتی ئاوادا هەموو هێوا و ئۆمێدمان دەبێتە چاوەڕوانی و پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی بەبێ ئەوی بزانین کە ئەوانیش بەرژەوەندیی وڵاتانی خۆیان لەبەر چاوە و زۆر بەوردی هەڵسەنگاندنی بابەتەکان دەکەن و لە هەر کات و ساتێکدا بەرژەوەندی بۆ ئەوان و هاوپەیمانییەکانیان هەبوو لەسەر خەت دەبن دەنا لە هەمووی ئەم پرۆسانەدا تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆلەکانی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەڵسوکەوتی وڵاتی وەک ئێران دەکەن.
لە شۆڕشی ژیناشدا وێڕای لەسەر شەقامبوونی خەڵک لە نێوخۆی وڵات و هاودەردەی و پیشتوانی هەزاران کەسی لەسەر شەقامەکانی وڵاتانی ئورووپا و دەرەوەی وڵات بەگشتی دیسانەوە هەر لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەم هەڵسوکەوتانەی ئێرانییان لە بەرامبەر شۆڕشی ژینادا کرد. کۆمەڵگەی جیهانی دەیتوانی زیاتر لە پشتیوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دیار بکەوێ و ڕۆڵی هەبێت. میدیای جیهانی ڕۆلی باشی گێڕا، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پێوەندییەکانییاندا چ وەک کەسایەتی، چ بە گرووپ و چ وەک حیزب و ڕێکخراوەکان دەنگی خەڵکی نێوخۆیان بە دامودەزگای نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، بەڵام دیسانەوە کۆمەڵگەی جیهانی بە پارێزەوە و لە چوارچێوەی پێوەندی و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەرخوردیان بەم قەزییە کرد. ڕاستە خەڵاتی ئاشتی نۆبێل و خەڵاتی ساخارۆف درا بە دوو ژن لە نێوخۆی ئێران، بەڵام هەر لە چوارچێوەی مافی یەکسانی و ڕەگەزیدا بابەتەکەیان دیت، واتە یەکەم چەمکی دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان بەرجەستە کردوە نەک ژیانی خەڵک و ئازادیی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، کە من لەم هەلومەرجەدا ئەم خوێندنەوەیەش بە کەم نابینم وەک دەستکەوتێکی شۆڕشی ژینا چاوی لێ دەکەم. بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی دەیتوانی لەوە زیاتر پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا بکات.
ئەگەر کۆتاییەک بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بنووسرێتەوە، ئێوە چ کۆتاییەک پێشبینی دەکەن و ئەو کۆتاییە چۆن بەدی دێت؟
من زۆر لەگەڵ وشەی کۆتایی شۆڕشی ژینا هاوڕا نیم و کۆتاییەک بۆ ئەم شۆڕشە نابینم. بەڵکوو لە جۆری خۆیدا وەک سەرەتای شۆڕشێکی ئەمڕۆیی لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستاندا دەیبینم کە ڕەنگبێ لە فۆرم و شێوە و شوێن بە جۆرێکی دیکە سەر هەڵداتەوە. ڕاستە کە ئێستا خۆپێشاندانی سەر شەقام نابینین بەڵام خۆ ڕۆلی بنەماڵەی شەهیدانی ژینا خۆی وەک خەباتێک لەم چوارچێوە پڕ لە ترس و خۆفەی کە بۆ خەڵکی کوردستان خۆڵقێنراوە، کاریگەریی لەسەر خۆپیشاندانەکان کەمتر نییە. لە ڕوانگەی منەوە نە شۆڕشی ژینا یەکەم شۆڕشی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و نە کۆتا شۆڕشی نێوخۆش دەبێت، بەڵام دەتوانین بڵێین کە شێوەیەکی نوێ لە شۆڕش بوو کە خەڵکی کوردستان لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی کرد و کاریگەریی و دەستکەوتی تایبەت بەخۆیەوە هەبووە لەگەڵ ئەوەیدا کە دەیتوانی دەستکەوتی زیاتری هەبێت و خەڵکی ئێران بە گشتی و کورد بەتایبەتی ئەم دەرفەتەی زیاتر قۆستبویانەوە بۆ نیزیک بوونەوە لە ئامانجەکانی خۆی، بەڵام ئەم شۆڕشە کۆتایی پێ نەهاتووە و نایە بەڵکوو بە فۆڕمێکی دیکە سەر هەڵدەداتەوە کە هیوادارم ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەگشتیی و کورد بەتایبەتی بە ئەزموونوەرگرتن لە شۆڕشی ژینا بتوانێ خۆی تەیار بکاتەوە و لە دەرفەتی داهاتوودا زیاتر لەم بزووتنەوانەی نێوخۆ بە قازانجی دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای گەلەکەمان کەلکی لێ وەربگرێت.