کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید حوسێن عەلیپوور-حەسۆ)

22:22 - 16 بەفرانبار 2723

ڕۆژێ لەسەر تۆ نیشتمان، من دەبمە ڕێی ئەفسانەیەک

باڵندەئاسای تۆ دەبم، وەیلان لەبەر ھێلانەیەک

 

برایم چووکەڵی

٨ ڕۆژ لە مانگی خەزەڵوەری پاییزی ساڵی ١٣٧٠ تێپەڕیبوو. هەوا بەرە بەرە بەرەو ساردی دەڕۆیشت. ئەو بەرەبەیانییەش وەک هەموو ڕۆژەکانی دیکە کادر و پێشمەرگەکان لە گوندی ئیندزێ زوو لە خەو هەستابوون بۆ ئەوەی سەعات ٨ی بەیانی لە شوێنی دیاریکراو سواری مینی‌بووس بن و بچنە شوێنی کارەکەیان. خەڵکێکی دڵگەرم، پاک و بێگەرد کە هەتا دەبوو بە کاتژمێر ٨ وردە وردە ک ۆدەبوونەوە و بە شۆخی و جەفەنگ لەگەڵ یەکتر دەدوان و باس‌وخواسی ڕۆژیان لەگەڵ یەکتر دێنایە گۆڕێ. لەنێو مینی‌بووسەکەشدا هەتا شوێنی کار کە چارەگەسەعاتێک ڕێگا دەبوو، هەر بە قسەی خۆش و گوێگرتن لە هەواڵی ڕادیۆ جیهانییەکان تا گەیشتنە شوێنی کار ڕادەبرا.

 بەڵام ئەو ڕۆژە، ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی ئەو دەستەیە لە پێشمەرگەکان نەیانزانیبوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانیانەوە ئوتومبیلێکی شوێرڵێتی پر لە ماددەی تەقینەوەی لەسەر ڕێگا بۆ داناونەتەوە. مینی‌بووسەکە کە ٢٧ کەس کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەی حیزبی تێدا بوو. لە نیوەی ڕێگا و لەگەڵ نیزیکبوونەوەی مینی‌بووسەکە لە شوێنی ئوتومبیلە بۆمبڕێژکراوەکە لە دوورەوە دەیتەقیننەوە. لەو کردەوە تێرۆریستییەدا سێ کادر و فەرماندەی حیزب بە ناوەکانی حوسێن عەلیپوور (ناسراو بە حەسۆ) جێگری هیزی پارێزگاری، مەلا ڕەسووڵ گەردی و جەلیل مامایی شەهید و ٢٤ کەسەکەی دیکەش بریندار بوون.  لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارە یادێک لە شەهیدی فەرماندە حوسێن عەلیپوور (حەسۆ) دەکەینەوە.

حوسێن عەلی‌پوور ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی،‌ لە ئاوایی گردەسووری ناوچەی بەربنەی پیرانشار، چاوی‌ به‌ دونیای‌ پڕ له‌ ڕه‌نج ‌و كوێره‌وه‌ری‌ پشكووت ‌و له‌ ئامێزی‌ گه‌رمی‌ بنەماڵە زەحمەتکێشەکەیدا و،‌ له‌نێو سروشتی‌ جوانی‌ كوردستانی‌ خۆشه‌ویستدا گه‌وره‌ بوو.

حوسێن بەهۆی دۆخی خراپی ژیانی ئەوسەردەم بە نەخوێندەواری مایەوە و به‌ناچار هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ مووچه ‌‌و مه‌زرادا خه‌ریكی‌ كاری‌ سه‌ختی‌ وه‌رزێڕی‌ بوو و مەڕداری بوو. حوسێن شەو و ڕۆژ وێڕای بنەماڵە کاری دەکرد و ژیانی ناوبراو هەتا شۆڕشی گەڵانی ئیران بەمجۆرە درێژەی کێشا.

حەسۆ بە ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان دژی‌ ڕێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ به‌شداریی‌ كرد و به‌دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران ‌و تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ حیزبی‌ دێموكرات، حەسۆ لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٨دا ڕێگا و‌ ڕێباز‌ی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات هەڵبژارد.

هاوڕێ‌ حەسۆ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ دڵپاک‌ و قسه‌خۆش‌ بوو. كۆڕی‌ هاوڕێیانی‌ هه‌میشه‌ ڕازاوه‌ ڕاده‌گرت و هه‌موو ژیانی‌ خۆی‌ بۆ خزمه‌ت به‌ حیزب‌ و گه‌له‌كه‌ی‌ ته‌رخان کردبوو. ئەو هه‌ر له‌ یەکەم ڕۆژه‌كانەوە كه‌وته‌ به‌ر دڵان ‌و جێگای‌ خۆی‌ له‌نێو هاوسه‌نگه‌رانیدا كرده‌وه‌. حەسۆ کە ئیمانێکی قووڵی‌ به‌ ڕێبازه‌كه‌ی‌ هه‌بوو، پێشمەرگەیەکی ڕەوشت‌به‌رز‌ و خاوه‌ن خوو و سروشتی‌ شۆڕشگێڕانه‌ بوو. هه‌ر ئەوەش وایکرد زۆر زوو ببێته‌ خۆشه‌ویستی‌ پێشمه‌رگه‌كان‌ و خەڵکی ناوچەی پیرانشار.

حەسۆ ڕۆڵه‌یه‌كی‌ نه‌ترس، فیداكار ‌و گیانباز بوو. له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌ وره ‌‌و ئیمانێكی‌ پۆڵایینه‌وه‌ په‌لاماری‌ هێزه‌ دژی‌ گه‌لییه‌كانی‌ ڕێژیمی‌ ده‌دا و، له‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ پیرانشار و ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستاندا به‌شداریی‌ چالاكانه‌ی‌ هه‌بوو. ئازایەتی و ئەزموون و لێهاتوویی حەسۆ بوو بەهۆی ئەوەی سەرەتا وەک سەرپەل و پاشان جێگری لک و دواجار وەک فەرماندەری لک دیاری بکرێ. حەسۆ دوای وەرگرتنی ئەو بەرپرسایەتییانە هەرچی لە توانایدا بوو بۆ بارهێنانی پێشمەرگە و تاکتیکی نیزامی بەکاری دەهێنا و جێ‌پەنجەی بە زۆر عەمەلیاتی قارەمانانەی ناوچەی پیرانشارەوە دیارن. شەڕەکانی شێلم‌جاران، جادەی پیرانشار-نەغەدە، شەڕی پشتی کانی خودا، شەڕی نێوان خاڵدار و سێڵوێ، شەڕی پایەگای دەڵاوان و هەموو شەڕەکانی ناوچەی بەربنەنە، نموونەیەکی چووکە لە قارەمانەتییەکانی شەهید حەسۆی فەرماندەن کە لە دەفتەری بیرەوەریی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا تۆماری کردوون.

شەهید حەسۆ لە مەیدانی بەربەرەکانێ لەگەڵ ‌هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا دووجار بریندار بوو و هەموو جارێ پاش ساڕێژبوونەوەی برینەکەی بەگوڕتر لە پێشوو دەهاتەوە مەیدان و سەرلەنوێ سەنگەری لە کۆنەپەرستان دەگرتەوە. زۆر لە ڕۆژەکانی ساڵ کە له‌پڕ شریخه‌ی‌ تفه‌نگ، تۆپ ‌و خومپاره‌ی‌ دوژمن ‌و بۆنی‌ باڕووت ‌و دووكه‌ڵ‌ سروشتی‌ جوانی‌ ئه‌م ناوچه‌یەی له ‌خۆیدا نوقوم دەكرد و شەهید حەسۆ وێڕای هاوسەنگەرانی لە هێزی دوژمن ڕادەپەڕین و لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی پیرانشار ڕاویان دەنان. شەهید حەسۆ لە باری کۆمەڵایەتییشەوە کەسایەتییەکی بەرزی هەبوو و ڕووی لەهەر ماڵێک کردبوایە دەرگای لەسەر پشت بۆ کرابۆوە. ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی بە واتای ڕاستەقینەی خۆی لە وجوودیدا هەبوو و وانەی ئەخلاق بەرزی بە هاوسەنگەرانی فیڕ دەکرد.

لە دوا قۆناغی ژیانی پێشمەرگانەی شەهید حەسۆدا لەلایەن حیزبەوە نێردرایە بنکەی دەفتەری سیاسی‌ و وەک جێگری فەرماندەی هێزی سامڕەند دیاری کرا. ناوبراو لەو هێزەش بۆ ڕێکوپێککردنی ئەو هێزە، هەرچیی لە توانایدا بوو ئەنجامی دا و لە هەر ئەرکێکی پێیان سپاردبوایە دریغی نەدەکرد. بەڵام بەداخەوە تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیلانێکی خائینانە‌دا ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بە تەقاندنەوەی ماشێنێکی بۆمبڕێژکراو، لەسەر ڕێگای مینی‌بووسێکی حیزب لەنێوان شوێنی پشوودان و شوێنی کارەکەیان، حوسێن عەلیپووریان وێڕای دوو هاوسەنگەری دیکەی شەهید کرد.