وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار، لە پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، داوای ڕاگرتنی چالاکییە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە ملیشیاکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
کاترین کۆلۆنا، دوای وتووێژ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، پەیامێکی زۆر ڕوونی پێشکەش بە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە و وتوویەتی: مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکە هەرگیز بەم شێوەیە نەبووە؛ ئێران و گرووپە نیابەتیەکانی دەبێ دەستبەجێ دەست لە کردەوە ناسەقامگیرانەکانیان هەڵبگرن.
وەزیری دەرەوەی فەرەانسە باسی لەوە کردووە کە هیچکەس لە پەرەسەندنی گرژییەکان سوودمەند نابێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لەم پێوەندییە تلفۆنییەدا بە دژی ئیسرائیل وتوویەتی کە ئیسرائیل پێویستە جینایەتەکان و جینۆسایدی بەردەوامی غەززە ڕابگرێت.
هاوکات لەگەڵ درێژەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە، ئیسرائیل و هەروەها بۆ سەر کەشتییە بازرگانیییەکان لە دەریای سوور چڕتر بووەتەوە و هەتا ئێستا چەندین وڵات سەبارەت بەو هێرشانە هۆشداریی توندیان بە ڕێژیمی ئێران داوە.