کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە بۆکان

10:27 - 17 بەفرانبار 2723

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٥ی بەفرانبار، حاجی حەبیب بەرجەستە، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی برایم‌ئاباد لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، کۆچی دوای کرد.

حاجی حەبیب ساڵەکانی ١٣٦٠ی هەتاوی هاتووەتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە هێزی بەیان خزمەتی بە نیشتمانەکەی کردووە.

ناوبراو لە چەندین شەڕی ناوچەی بۆکان بەشداریی کردووە و پێشمەرگەیەکی بەئەخلاق و لێهاتوو بووە.

بە هۆی بەشداریی ناوبراو لە شۆڕش، بنەماڵەکەی دەکەونە ژێر گوشاری هێزە دژەگەلییەکان و جەلادانی کۆماری ئیسلامییەوە و هەر لەو ڕاستایەدا برایەکی بەناوی مەولوود بەرجەستە تەنیا بە تاوانی ئەوەی براکەی پێشمەرگە بووە لەلایەن جەلادانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بە دڕندانەترین شێوە شەهید کراوە.

ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی و بەهۆی زۆربوونەوەی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەکەی لەسەر ئیزنی حیزب چووەتەوە نێوخۆ و وەکوو لایەنگر لە ڕاستای ئامانجەکانی حیزبدا هەنگاوی هەڵ گرتووە و و وەکوو کەسێکی دڵسۆز و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە ناسراوە.

حاجی حەبیب هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە و هەموو کات ماڵەکەی جێی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.