ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار وتی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە پەرەنەگرتنی ململانێ و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دڵنیا بێتەوە.
بلینکن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە یۆنان وتی: وەک لە ڕۆژی یەکەمی شەڕی غەززە وتمان، سەرنجمان لەسەر پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ململانێیە بووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی زۆر لەو گفتوگۆیانەی کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ هەموو هاوپەیمانان و شەریکەکانیان دەیکات، لەسەر ئەم پرسە دەبێت کە دڵنیاییەک لەسەر ئەوەیکە ئەم ناکۆکییە پەرە نەگرێت، بەدەست بێت.
ئانتۆنی بلینکێن زیادی کرد یەکێک لەو ناوچانەی کە نیگەرانیی جیددی لەسەرە سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنانە و دەمانەوێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە لەو ناوچەیە گرژییەکان پەرە نەگرێت.
دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل بە هۆی هەڕەشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی ئیسرائیل بکەن.
جێگای ئاماژەیە کە حەوتووی ڕابردوو، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی باسی لەوە کردبوو کە ئیسرائیل بەشێک لە هێزەکانی لە غەززە پاشەکشە پێ دەکا و بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان ئامادە دەکرێن.