پاسدار حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار لە لێدوانێکدا هۆشداریی داوە کە هێرش دەکەنە سەر دوژمنانیان و پێویستە دوژمنەکانیان لە ناوچەکە دوور بکەونەوە.
سەلامی وتی: ئێمە بەم ستراتیژییە توانیومانە نیشانی بدەین کە نزیکبوونەوە لە ئێمە زیان بە دوژمن دەگەیەنێت و دەبێت لە ناوچەکە دوور بکەونەوە.
ئەم هەڕەشەی فەرماندەی سپای پاسداران لەکاتێکدایە کە مەترسییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوکات لەگەڵ شەڕی ئیسرائیل و حەماس زۆرتر بووەتەوە.
سەلامی لەم لێدوانەدا ناوی هیچ وڵاتێکی وەک دوژمن نەهێناوە، بەڵام ٢٢ وڵات لە هاوپەیمانییەکی نیزامی بە ڕێبەریی ئەمریکا ڕێککەوتوون کە بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سوور، هێرش بکەنە سەر حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
لە ڕؤژانی ڕابردووشدا هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باسیان لە ڕۆیشتنی ناوشکێنی ئەلبۆرزی ئەرتەش بۆ دەریای سوور و گەرووی بابۆلمەندەب کردبوو.
وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا داوایان کردووە تاکوو هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ بهێندرێت.
وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا بە ئەمیرعەبدوڵڵاهییانی ڕاگەیانبوو کە تاران و میلیشیاکانی دەبێت کۆتایی بە هەوڵەکانیان بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بێنن.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و بریتانیا لەمەڕ هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە دەریای سووردا، هۆشدارییان بە ڕێژیم و میلیشیاکانی داوە و ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ دژکردەوەی ڕاستەوخۆ بەم پرسە ڕاگەیاندووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمریکا و ١١ وڵاتی دیکە لە بەیانامەیەکی هاوبەشدا بۆ دوایین جار داوایان کرد کە حوسییەکانی یەمەن کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بهێنن.