مەحموود عەلەوی وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیرنا"ـی ڕێژیم باسی لە کار و پیلانەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سەردەمی وەزیربوونی خۆیدا کرد و وتی کە ستراتێژیی ئێمە ئەوە بوو بە پیلانی ئیتلاعاتی، کەسانی دژی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات بە زیندوویی بهێنینەوە بۆ نێوخۆی ئێران.
عەلەوی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە چەندین چالاکوانی سیاسیی ناوبانگ و ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم و ڕۆژنامەوانان لە دەرەوەی وڵات کرد کە بە فێڵ و بەرنامەی سیخوڕیی ئیتلاعاتی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی ڕفێندرابوون و دواتر بۆ ئێران هێنرابوونەوە.
یەکێک لەو کەسانەی کە ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم ئاماژەی پێکردووە حەبیب ئەسیوەد هاووڵاتیی ئیرانی سویدی، ڕێبەری بزووتنەوەی "ئەحوازییە"ی بوو، کە بە پیلانی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕفێندرا و ڕادەستی ئێران کرایەوە و دواتر لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە درا.
ناوبراو بە وردی باسی لە چۆنیەتیی ڕفاندنی جەمشید شارمەهد چالاکوانی سیاسی و هاووڵاتی ئێرانی ئاڵمانی کرد کە ئێستا لە زیندانەکانی ڕێژیم مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە. هەروەها یەکێکی دیکە لەو کەسانە کە بە فێڵ و کەڵەکەی ڕێژیم ڕفێندرا ڕۆحوڵڵا زەم چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان بوو کە دوای ڕادەستکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە درا.
ڕێژیمی ئێران جگە لە سەرکوتکردنی دژبەرانی خۆی و ڕفاندنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان لە دەروەی وڵات، بە بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیی دوو ڕەگەزنامەیی دەیهەوێ، ویست و داخوازییەکانی بەسەر وڵاتانی ڕۆژاواییدا بسەپێنێ.