ڕۆژنامەی ئازەربایجان لە چاپی ئەمڕۆی خۆیدا پەرژاوەتە سەر ڕێژەی بێکاران، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە پلەکانی خوێندنیان تەواو کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار ڕۆژنامەی ئازەربایجان بەپێی نوێترین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران نووسیویەتی لە پاییزی ئەمساڵدا ٤٢.٨ لە سەدی بێکاران لە ئێران، دەرچووانی زانکۆکان بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕیژەی بێکارانی ژن لەچاو پیاوان و هەروها لە شارەکان بە بەراورد لەگەڵ گوندەکان زیاتر بووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە پلەکانی خوێندنیان تەواو کردووە تەنیا ٢٧.٥ لەسەدی حەشیمەتی کارکەر لە ئێراندایە.
ئەم ڕۆژنامە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە ١١.٤ لەسەدی کەسانی خاوەن بڕوانامەی باڵا بێکارن کە ئەم ڕێژەیە لەنێو ژنان و شارەکان لەچاو پیاون و گوندەکان بەرزترە.
شایانی باسە کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا بێکارن کە ٧٠ لەسەدی ئەم ڕێژەیە لە لاوانی تەمەن ١٨ تا ٣٥ ساڵ پێکهاتووە.
ئەم ڕێژەیە لەحاڵێکدایە کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە کەسانی بێکار، لە دۆزینەوەی کار بێهیوابوونە و لە ڕێزبەندنی بێکارانی ئێستادا، هەژمار نەکراون.